Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سلێمانی.. لە بارەگا حزبییەكان كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا دوا دەخرێت نەك لە ئەنجوومەن

سلێمانی-KDP.info- جارێكی دیكە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەبەر رێكنەكەوتن لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی بۆ سەرەتای مانگی داهاتوو دوا خرا، ئەندامانی ئەنجوومەنیش پێیان وایە دواخستنی ئەو كۆبوونەوانە نایاسایین.

سەرۆكی لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی (زیاد كاكە رەزا)، بە kdp.info-ی راگەیاند، لەسەر داوای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، كۆبوونەوەی ئەمڕۆ بۆ سەرەتای مانگی داهاتوو دوا خرا، ئەم دواخستنانەیش هەموو نایاسایین.
ڕوونیشی كردەوە كە، ئەوان باسیان لەوە كردووە لە ماوەیەكی نزیكدا رێككەوتن بەڕێوەیە و گەشبینیی خۆیشیان نیشان داوە، هەر بۆیەیش كۆبوونەوەكەیان دوا خستووە.

لای خۆشیەوە ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لەسەر لیستی پارتیی دیموكراتی كوردستان (مینا سامی)، بۆ kdp.info گوتی، بڕیاری دواخستنی ئەو كۆبوونەوەیە لە ئەنجوومەن نەدراوە، بەڵكە لە بارەگا حیزبییەكان دراوە و تەنانەت سەرۆكی ئەنجوومەن بۆ دەوامیش نەهاتووە.

(مینا) ڕوونیشی كردەوە، "لە ئەنجوومەنی پارێزگا لیژنە دروست دەكرێت و گۆڕان و یەكێتی لەسەری رێك دەكەون، بەڵام لەسەر پۆستی پارێزگار وسەرۆكی ئەنجوومەن رێك ناكەون، چونكە لیژنەیان بۆ دابەشكردنی یەكەی نیشتەجێبوون و خەرجكردنی پارەی ئەنجوومەنی پارێزگا و پلانی ستراتیژی بۆ سێ ساڵی داهاتوو بۆ پارێزگا لە دەرەوەی ئەنجوومەن دروست كردووە، كە ئەمانەیش نەیاسایین، لەبەر ئەوەی نەگەڕاونەتەوە بۆ ئەنجوومەن، هەر بۆیەیش ئێمە كۆ دەبینەوە بۆ ئەوەی كارەكان لە ئەنجوومەن بكرێن نەك لە بارەگا حزبییەكان".
ئەمە یازدەیەمین جارە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە هۆی رێكنەكەوتنی یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و گۆڕان لەبارەی پۆستی پارێزگارەوە دوا دەخرێت.
بڵند ئیبراهیم