Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پێشمەرگە هێرشێكی داعشی لە نزیك شێخ شەرفەدین تێك شكاند

شنگال-KDP.info- كەمێك پێش ئێستا لە نزیك مەزاری شێخ شەرفەدین لە چیای شنگال، تیرۆریستانی داعش هێرشێكیان بەرپا كرد، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە توانییان شكست بەو هێرشەیان بهێنن و داعش چەندین كوژراو و برینداریشیان هەیە لەگەڵ تێكشكاندنی چەند هەمەرێكی تیرۆرستان.

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال (قاسم شەشۆ)، بە kdp.info-ی ڕاگەیاند، سەعات 9  نیوی بەیانیی ئەمڕۆ، پاش ئەوەی تیرۆریستانی داعش لە نزیك مەزاری شێخ شەرفەدین بە پێنج هەمەر و چەند ئۆتۆمبێلێك و دۆشكە  هێرشیان كرد، هێزەكانی پێشمەرگە وەڵامێكی توندیان دانەوە و لە ئەنجامدا توانییان هێرشەكەیان تێك بشكێنن و بە مووشەك و چەكی قورس رووبەڕوویان بوونەوە كە زەرەر و زیانێكی زۆریان پێ كەوت و هەڵاتن.

ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگال  گوتیشی، "لەبەر ئەوەی كەشوهەوا لەبار نییە و ئەو ناوچەیە تەمومژ دایگرتبوو، بۆیە تیرۆریستانی داعش خۆیان لە ئێمە زۆر نزیك كردبووەوە كە نزیكەی 20 مەتر دەبوو، بۆیە چەندان مووشەكمان لێیان دا كە 3 تیرۆریستی داعشیش بە چاوی خۆمان بینیمان لەسەر دۆشكە كوژران و 3 هەمەریش هاتنە تێكشكاندن و ئاگریان گرت".
(شەشۆ) زیاتر گوتی، "خۆشبەختانە هەموو پێشمەرگەكانمان سەلامەتن و بە ورەیەكی بەرزەوە لە ئامادەباشیداین".

ئەو هەروەها ئاماژەی دا كە، "تیرۆریستانی داعش هەموو كاتێك دەیانەوێت هەل بدۆزنەوە، بەڵام هێزەكانی پێشمەرگە هەمیشە چاوكراوەن و چاودێریی جموجۆڵەكانیان دەكەن، هەر كاتێكیش لە ئێمە نزیك ببنەوە، تێكیان دەشكێنین".
نەشوان بەرزنجی