Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئۆباما بێ گەڕانەوە بۆ كۆنگرێس و بەغدا چەكی قورس بە پێشمەرگە دەدات

گای تایلۆر- واشنتن تایمز-KDP.info-  سەرۆكی لیژنەی كاروباری درەوەی كۆنگرێس (ئێد رۆیس)، بە یاسایەك دەسەڵاتی بە سەرۆكی ئەمەریكا دا كە چەكی قورس راستەوخۆ و بە بێ گەڕانەوە بۆ رەزامەندیی بەغدا، پێشكەشی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بكات.

ئۆباما راستەوخۆ چەك بە پێشمەرگە دەدات
سەرۆكی لیژنەی كاروباری دەرەوەی كۆنگرێسی ئەمەریكا (ئێد ڕۆیس) لە ولایەتی كالیفۆرنیا، پێنجشەمەی ڕابردوو یاسایەكی تازەی پێشكەش كردووە، بە گوێرەی ئەم یاسایە، كۆشكی سپی ڕاستەوخۆ دەتوانێت چەكی قورس بۆ پێشمەرگە رەوانە بكات كە، بریتین لە چەكی دژەزرێپۆش، دژەئۆتۆمبێلی سەربازی و تۆپی دوورهاوێژ. ئەم یاسایە، موڵەتی سێ ساڵ بە سەرۆكی ئەمەریكا دەدات، كە چەكی لەم جۆرە بۆ كوردەكانی هەرێمی كوردستان دابین بكات، بێ ئەوەی سەرۆكی ئەمەریكا پێویستی بە رەزامەندیی كۆنگرێس هەبێت. ئەم هەنگاوەیش گۆڕانكارییەكی گرینگ لە سیاسەتی ئەمەریكا دێنێتە ئاراوە، چونكە تائێستا دەبووایە بەرپرسەكانی حكوومەتی ناوەندیی بەغدا، دەستنیشانیان بكردایە چ جۆرە چەكێكی ئەمەریكایی بۆ هەرێمی كوردستان رەوانە بكرێت.
پێنجشەمەی ڕابڕدوو، ئۆفیسی (ئێد ڕۆیس) ڕایگەیاند كە پێشمەرگە شەڕی دەوڵەتی ئیسلامی دەكات لەسەر زەوی و گلەیی ئەوەی كرد كە، ئیدارەی ئۆباما چەكی قورس و و ئۆتۆمبێلی زرێپۆشی بە پێشمەرگە نەداوە و، ولایەتە یەگرتووەكان تا ئێستا تەنیا چەكی سووكی بە كورد داوە، كە بە رەزامەندیی بەغدا بووە و بووەتە مایەی دواكەوتنی ئەم پێداویستیانە، لە كاتێكدا كە دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) پیشڕەوی كردووە.

پێشمەرگە سەلماندویەتی كە تاكە هێزە
ئەندامی كۆنگرس لە ڕاگەیاندنەكەیدا دەڵێت، "هاوپەیمانە گرینگەكەمان لە شەڕی داعشدا چەكەكەی باش نییە.. سەرەڕای ئەوەی چەكی كۆنی پێیە، پێشمەرگە سەلماندویەتی كە تاكە هێزە كاریگەرانە شەڕی سەرزەوی دژی داعش دەكات".
ئەم یاسایە یەك رۆژ لە دوای تەقینەوەكەی بەردەمی پاریزگای هەولێر دەرچوو كە، 5 شەهید و 29 برینداری لێ كەوتەوە، كە بە گۆێرەی بۆچوونەكان، دەوڵەتی ئیسلامی لێی بەرپرسە. هەروەها ئەم یاسایە یەك رۆژ دوای ئەوە هات كاتێك كە ئیدارەی (ئۆباما) كرانەوەیەكی پیشان دا بۆ زیاتر پشتیوانیكردنی پێشمەرگە. رۆژی چوارشەممەیش، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا بە میدیاكانی ڕاگەیاند كە (سەرۆك ئۆباما ) بەڵێنی داوە بە فراوانكردنی هەوڵەكان بۆ پشتیوانیكردنی هێزەكانی عێراق كە هێزەكانی كوردیش دەگرێتەوە.
بەڵام لەو كاتەدا ڕاستەوخۆ دیار نەبوو كە ئایا ئیدارەی ئەمەریكا داوكارییەكەی (رۆیس) ئەگرێتە ئەستۆی سەبارەت بە ناردنی چەك بۆ كوردەكان بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ یان نا. گوتەبێژەكە دەڵێت، "ئێمە بەردوامین لەسەر هەماهەنگی لەگەڵ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی حكووماتی عێراق و هێزە كوردییەكان".

وەرچەرخانێك بۆ پاڵپشتیی دەوڵەتی كوردی
ئەگەر كۆشكی سپی پشتیوانیی بۆچوونەكەی (ڕۆیس) بكات، ئەوا وەرچەرخانێك لە سیاسەتی ولایەتە یەگرتووەكاندا دەربارەی پشتیوانیكردنی دەوڵەتێكی كوردیی سەربەخۆ دێتە ئاراوە. ئەم بابەتە گۆڕانكارییەكە لە بانگەوازی بەردەوامی ئیدارەی ئەمەریكادا سەبارەت بە هەبوونی حكوومەتێكی فراوانی ناوەندی لە بەغدا كە نۆێنەرایەتیی پێكهاتەكانی سوننە، كورد و شیعە دەكات.

چەند سەرچاوەیەك لەم هەفتەیەدا بە واشنتن تایمزیان ڕاگەیاند كە، سەركردەكانی كورد بە بێدەنگی خەریكی دروستكردنی وڵاتێكی جیان بۆ خۆیان. هەروەها شاندێكی باڵای كوردی بە سەرۆكایەتیی (د. فوئاد حوسیێن) لەم هەفتەیەدا لە پشت پەردەوە چووەتە واشنتۆن، تا گوشار  بخاتە سەر حكوومەتی ئەمەریكا بۆ ئەوەی چەكی قورستر بۆ پێشمەرگە لە شەڕەكەیان دژی داعش دابین بكات.