Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فەرماندەی پێشمەرگە لە کۆبانی: شەڕڤانان بە تەنیا بڕیار دەدەن.. داعش گوتوویەتی کیمیایی بە کار دێنێت

کۆبانی-KDP.info-  فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانی ئاشکرای کرد کە، زانیارییان هەیە لەوەی کە، داعش لە هەوڵدایە کیمیایی لە کۆبانی بدات، ئەو دەشڵێت، هۆکارەکەیشی ئەوەیە کە، لەوەتەی پێشمەرگە بۆ ھاوکاریی شەڕڤانان چوونەتە کۆبانی لە پاشەکشەدان و نەیانتوانیوە کۆبانی کۆنترۆڵ بکەن. ڕایشیگەیاند، سەرباری ئەو هەڕەشانەیش، شەڕڤانان بە ھاوکاریی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانی لە پێشڕەویی بەردەوامن و لە سێ رۆژی رابردوودا زیانی زۆریان بە داعش گەیاندووە و چەند شوێنێکیشیان رزگار کردوون.

فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانی لیوا (عەبدولقەھار مەجید) بە kdp.infoی راگەیاند: "شەڕ لە کۆبانی بەردەوامە و لە سێ رۆژی رابردوودا شەڕڤانان بە ھاوکاریی ھێزی پێشمەرگە، گورزی کوشندەیان لە داعش وەشاندووە و بە دەیان تیرۆریست کوژراون، لەئێستایشدا 28تەرم لەبەردەستی ئێمەدان کە دووانیان ئەمیرن و، چەندین شوێنیشیان لێ پاک کراوەتەوە."

فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە لە کۆبانی گوتیشی، ئەمڕۆ ھێرشێکی دیکەیان کردووە و شوێنێکیان کۆنترۆڵ کردووە و، چەندین چەکداریشیان کوژراون، کە تەرمی شەشیان کەوتوونەتە ژێر خانوویەکەوە کە لە ئەنجامی بۆردوومانی فڕۆکە جەنگییەکان خاپوور بووە.

(عەبدولقەھار مەجید) راشیگەیاند: "پێش ئەوەی ھێزی پێشمەرگە بێتە کۆبانێ، بەشی زۆرتری بە دەست داعشەوە بووە و، بەردەوامیش لە پێشرەویدا بوون، بەڵام دوای چوونی پێشمەرگە ھێرشەکان پێچەوانە بوونەتەوە و شەڕڤانان بە هاوکاریی هێزەکانمان لە رزگارکردنی ئەو شوێنانەی بە دەست داعشەوەن، بەردەوامن."

سەبارەت بە ھۆکاری ئەوەی بۆ تا ئێستا نەیانتوانیوە کۆبانی رزگار بکەن، ئەو فەرماندەیە گوتی، "شەڕی کۆڵان بە کۆڵانە، بۆیە خانوو بە خانوو لە چنگ داعش دەردەهێنرێن و پاک دەکرێنەوە، بەڵام هێواشیی ڕزگارکردنی ناوجەکانی شار، پێوەندی بە چاندنی مینێکی زۆرەوەیە، هۆکارێکی دیکەی ئەو سستی پێشڕەوییەیش بۆ شەڕڤانان دەگەڕێتەوە، بەوەی کە، فەرمان دەکەن بۆ ھێرشکردن و کەی ھێرش دەکەن و چیی دەکەن، بێئەوەی رێگە بدەن ھیچ ھێزێکی دیکە، لە هێرشبردن ھاوکارییان بکات، ھەر بۆیە رزگارکردنی دواکەوتووە."

لیوا(عەبدولقەھار حاجی) ئاشکرایشی کرد کە، "زانیاریمان بۆ ھاتووە کە ئەمیرەکانی داعش بە چەکدارەکانیان گوتووە لەوەتەی پێشمەرگە ھاتووە، ناتوانن پێشڕەوی بکەن، بۆیە پیویستە چەکی کیمیایی بە کار بێنن، بەڵام هێشتا بە کاریان نەھێناوە، هەڵبەت لە چەند رۆژی رابردوودا غازیان بە کار ھێنا، بەڵام زیانی بە دوای خۆیدا نەهێنا."

ئەو فەرماندەیە باسی لەوەش کرد، ئەمڕۆ هەینی، بە درێژایی رۆژ بۆردوومانکردن بەردەوام بووە و، تا ئێستایش بەردەوامە.

سەبارەت بە دەنگۆی برینداربوونی 10پێشمەرگە (مەجید حاجی) گوتی، "راستە پێشمەرگە بریندار بوون، بەڵام برینەکانیان سوکن و دووانیان بۆ چارەسەرکردن رەوانەی دھۆک کراون."

فەرماندەی پێشمەرگەکانی کۆبانی گوتیشی، چاوەڕوان دەکرێت لە کۆتاییی ئەم مانگەدا گۆڕانکاری لە ھێزی پێشمەرگە بکرێت و، ھێزێکی دیکە بچێتە شوێنی ئەوان و ئەوانەی دیکە بگەڕێنەوە ھەرێمی کوردستان.

بڵند ئیبراھیم