Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان و توركیا كۆ بوونه‌وه

هەولێر-KDP.info-  سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان(نێچیرڤان بارزانی)، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی تورکیا(ئەحمەد داوودئۆغلو) و شاندی یاوەری کۆ بووەوە.


لە کۆبوونەوکەدا کە جێگری سەرۆکوەزیران(قوباد تاڵەبانی) و وەزیرانی ناوخۆ، پێشمەرگە، دارایی و ئابووری، پلاندانان، شارەوانی و گەشتوگوزار، کاروباری پەرلەمان و گوتەبێژی فەرمیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەی بوون، بارودۆخی عیراق و هەرێمی کوردستان و ناوچەکە و دواپێشهاتە ئەمنی و سەربازییەکان و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و شەڕی دژی داعش تاوتوو کران.
هەروەها کێشەکانی هەولێر و بەغدا و هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنیان و پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عیراق و هەرێمی کوردستان و برەودان بە پەیوەندییە بازرگانی و دیپلۆماسی و سیاسییەکان، خرانە بەر باس.

(داوودئۆغلو) تیشکی خستە سەر دیدار و کۆبوونەوەکانی لە بەغدا و ئەنجامی سەردان و کۆبوونەوەکانی بە ئەرێنی لە قەڵەم دا، هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە تێڕوانینی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستان و چارەسەرکردنی کێشەکان ئەرێنییە و دامەزرانی کابینەی نوێی حکوومەتی عیراقی بە دەرفەتێک بۆ بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و چارەسەرکردنی کێشەکان زانی. جەختیشی لەوە کردەوە کە تورکیا لە هەموو بوارەکاندا لە هاوکاریی هەرێمی کوردستان و عیراق بەردەوام دەبێت.

دره‌نگانی  شه‌وى ڕابردوو سه‌رۆكوه‌زیرانی توركیا(ئه‌حمه‌د داوودئۆغلو) و شاندێكی باڵای یاوه‌ری له‌ فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تیى هه‌ولێر له‌ لایه‌ن سه‌رۆكوه‌زیرانى هه‌رێمى كوردستان(نێچیرڤان بارزانی)ه‌وه‌ پێشوازى لێ كرا.