Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە قەداسەتی ‌‌(شری شری) كرد.. ستاییشی كولتووری كوردستان كرا

هەولێر-KDP.info-  لە پێشوازی قەداسەتدا(شەنكار)دا، (نێچیرڤان بارزانی) دەڵێت، خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان شانازی بە كولتووری پێكەوەژیان، ئاشتی، تەبایی، لێبوردەیی، مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی دەكەن كە، بەشێكی گرینگ و دیاری بنیات و پێكهاتەی كۆمەڵگەی كوردستانە.


ئێوارەی ئەمڕۆ پێنچشەممە 20-ی نۆڤەمبەری 2014، سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان، (نێچیرڤان بارزانی) پێشوازی لە كەسایەتیی ناوداری جیهان و سەرۆكی كۆڕبەندی جیهانی بۆ بەها مرۆییەكان (قەداسەتی ‌‌شری شری ڕاڤی شەنكار)،‌ كرد.
لە دیدارێكدا وێڕای تاوتووكردنی بارودۆخی ئێستا و نەهامەتییەكانی شەڕ و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، (قەداسەتی ‌‌شری شری ڕاڤی شەنكار)، باسی لە سەردانی خۆی بۆ چەند كەمپێكی ئاوارەكان لە هەرێمی كوردستان كرد و، ڕۆڵی خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستانی بۆ بەهاناوەچوون و یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەرانی بەرز هەڵسەنگاند و، بە مایەی ڕێز و پێزانینی لە قەڵەم دا.


هەروەها تیشكی خستە سەر تەبایی، لێبوردەیی و پێكەوەژیانی پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی هەرێمی كوردستان و ستاییشی ئەو كولتوورە دێرینەی كوردستانی كرد كە، لە سایەیدا هەموو پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكان بە ئاشتی و ئارامی پێكەوە ژیاون و دەژین. دووپاتیشی كردەوە لقی ڕێكخراوەكەیان كە، لە هەرێمی كوردستان هەیە، هەوڵدەدات هەموو كۆمەك و هاوكارییەك پێشكەش بە ئاوارە و پەنابەران بكات.


لای خۆیشیەوە سەرۆكوەزیرانی كوردستان، (نێچیرڤان بارزانی)، خۆشحاڵیی خۆی بە سەردانی بەڕێزیان بۆ هەرێمی كوردستان دەربڕی و باسی لە ڕەوشی ئاوارەكان و پێویستیی هاوكاریكردنی زیاتریان لە لایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە كرد و، روونی كردەوە كە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان و خەڵكی هەرێمیش بەگشتیی بێ جیاوازی هاوكاریی ئاوارە و پەنابەرانیان كردووە و دەیكەن، بەڵام پێویستییان بە كۆمەك و هاوكاریی زیاتر هەیە و داوای كرد ڕێكخراوەكەیان لەمبارەیەوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی ڕۆڵی خۆ بگێڕێت.


سەرۆكوەزیرانی كوردستان، جەختی لەوە كردەوە خەڵك و حكوومەتی هەرێمی كوردستان شانازی بە كەلتووری پێكەوەژیان، ئاشتی، تەبایی، لێبوردەیی، مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی دەكەن كە، بەشێكی گرینگ و دیاری بنیات و پێكهاتەی كۆمەڵگەی كوردستانە و كوردستانیان بە هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكانییەوە پەروەردەی ئەم كەلتوورەن، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش هەمیشە كاری لەسەر قووڵكردنەوەی ئەم بەها مرۆییانە كردووە و، بەردەوام هەوڵی داوە ئەم كەلتوورە بەرە و پێشەوە ببات و، هەروایش بەردەوام دەبێت.

قەداسەتی ‌‌(شری شری ڕاڤی شەنكار)‌‌ كە، بە یەكێك لە سەركردە ڕۆحانی و مرۆییەكان دەناسرێت، بەهۆی بیروڕاكانییەوە كە بریتین لە كاركردن لەپێناو جیهانێكی ناتوندوتیژ و كۆمەڵگایەكی بێ سترێس و، گرینگی بە ئاشتی و پاراستنی بەها مرۆییەكان و پێكەوەژیانی نێوان پێكهاتە جیا ئایینییەكان دەدات، بە ملیۆنەها هەواداری لە جیهاندا هەیە.