Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مووسڵ..داعش، داعشە مووسڵییەكان وەدەر دەنێت

موسڵ-KDP.info- بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب) دەڵێت، دوای كوژرانی والی مووسڵ لە شەوی رابردوو، ئەمڕۆ تیرۆریستانی داعش لە مووسڵ، دەستیانكردووە بە وەدەرنانی ئەو داعشانەی خەڵكی مووسڵن و، لە ریزەكانیاندا هەن.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (عیسمەت رەجەب ) بە kdp.info-ی راگەیاند، دوای ئەوەی شەوی رابردوو والی مووسڵ لە ئەنجامی بۆردوومانكردنی مۆڵگەكانی داعش لە لایەن فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان كوژرا، داعش دەستیكردووە بە وەدەرنان و دوورخستنەوەی ئەو داعشانەی خەڵكی مووسڵن و، لەریزەكانیاندا، هەن.
پێوەست بە هۆكاری دوورخستنەوەیان، (عیسمەت رەجەب) گوتی، داعش بۆچوونیان وایە كە، فڕۆكە جەنگییەكان چۆن زانیویانە شوێنێ والی داعش لەكوێیە، بۆیە لە موبایلی هەموو ئەو چەكدارانەیان دەڕوانرێ كە لەشوێنی كوشتنی والی نزیك بوونە، بۆ ئەوەی بزانن كێ زانیاری بە فڕۆكەكان داوە.
بەرپرسی لقی چواردەی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ دەشڵێت كە، سەركردەیەكی داعش بەناوی (ئەحمەد مەنسور جبوری) ناسراو بە (ئەبوحەنەكە) لەلایەن چەكدارانی سرایا رەماح بە دەمانچەی بێ دەنگ لەناوچەی بازاری نەبی یونس، كوژراوە،  كوژراوەكەیش ئەندازیاری تەقینەوەكان بووە.
باسی لەوەیشكرد كە، شەوی رابردوویش لەلایەن چەكدارانی گروپی سرایا رەماح دوو دادوەری چەكدارانی داعش بە ناوەكانی (ئەبوهاجەر عەنزی ) و (خالد عەنزی)، لە ناوچەی دەندان لەلای راستی مووسڵ لەنێو ماڵەكانیانەوە كوژراون، ئو دوو كوژراوەیش، كاریان لە دادگای ویلایەتی مووسڵ بووە.
بڵند ئیبراهیم