Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ژەنەڕاڵ جۆن ئالن: کۆبانی ناکەوێ

ئانکارا-KDP.info-  ڕێکخەری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بنەبڕکردنی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش)، ئەمڕۆ پێنشەممە، هێرشی داعشی بۆ سەر کۆبانی بە کاری خۆکوژی ناو برد و جەختی کردەوە کە، ئەوان ناتوانن داگیری بکەن.

لە دیمانەیەکدا کە ڕۆژنامەی میللییەتی تورکیایی لەگەڵیدا سازی داوە، (جۆن ئالن) ڕایگەیاند، "لە زۆر بواردا، بە هێرشکردنی بۆ سەر کۆبانی، داعش خۆی لە کارێکەوە گلاندووە کە لە خۆکوشتن دەچێت."

(ئالن) زیاتر گوتی، "هەرچەند ئەوان چەکداری زیاتر ببەنە کۆبانی، ئێمە بۆردوومانیان دەکەین و ڕێی پێداویستییە سەربازییەکانی دەگرین، هاوکات ناهێڵین لە دۆخی جێگیردا بن، هەروەها ئەوەی لە دەستیشمان بێ بۆ بەرگریکارانی کورد لەو شارە دەیکەین."
گوتیشی، "دواجار بابەتەکە بە دەستبەرداربوونی ڕێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی کۆتایی دێ، چونکە لەو شەڕەدا سەرناکەوێ."

لەوەتەی داعش هەڵمەتی بۆ سەر کۆبانیی ڕۆژاوای کوردستان بەرپا کردووە کە نێوەڕاستی ئەیلوول سەپتەمبەرە، نزیکەی 1200 کەس کوژراون کە زۆرینەیان لە تیرۆریستانی داعشن، بەڵام لەو ڕیژەیەیش ژمارەیەکی شەهیدی بەرگریکار و شەڕڤانانی یەپەگەن.

فڕۆکەی هاوپەیمانانیش لەوەتەی لەسەر داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی)، بۆردوومانی مۆڵگەکانی داعش دەکات لە سنووری کۆبانی و ناو شاریشدا، کاریگەریی ئەرێنیی بەسەر پێشڕەویی تیرۆریستاندا هەبووە.

(ئالن) دەڵێ، "ئێمە باوەڕمان وایە کە، هەڵمەتە ئاسمانییەکانمان زیاتر لە 600کەسی لە داعش کوشتووە"، گوتیشی "پێم وایە کە بکشێنەوە، ئاماژەیەک دەبێ بۆ ئەوەی کە (ڕێڕەوە سەرکەوتووەکەیان-کۆبانی) دەگاتە ئاستێکی بەرز."

ڕێکخەری هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بنەبڕکردنی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی(داعش)،

زریان زیاد