Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كۆنگرێسی ئەمەریكا: پێشمەرگە سەلماندی.. چەكی پێ دەدەین

واشنتن-KDP.info- چیرۆكی سەركەوتنی پێشمەرگە بەسەر تیرۆریستانی داعش و، سەلماندنی ئازایەتی، نەوەك تەنیا لە بەرەی جەنگی دژ بە تیرۆریستان بەدیار كەوتووە، بەڵكو لەنێو كۆنگرێس و ئەنجوومەمی پیرانی ئەمەریكایش، دەنگی داوەتەوە و ئەوانیش دەڵێن، پێشمەرگە سەلماندی.. بۆیە چەكی پێ دەدەین.

 

بۆچی لە ئەمەریكان؟

5  رۆژە شاندێكی باڵای هەرێمی كوردستان لە واشنتنی پایتەختی ئەمەریكان، ئەوان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ كۆنگرێس، ئەنجوومەنی پیران و دامەزراوە ئەكادیمی و هزرییەكان، چوونەتە ئەو وڵاتە. ئامانجی شاندەكە تاوتووكردنی پێدانی چەكی قورسە بە پێشمەرگە، هاوكات پتەوكردنی پێوەندیی نێوان هەرێم و ئەمەریكا، لەگەڵ باسكردنی رەوشی ئاوارەكان و كوردانی ئێزدی، بەشێكی دیكەی دیدارەكانیانن.
شاندەكە، هەریەك لە سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان (د.فوئاد حوسێن) و بەرپرسی پێوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (فەلاح مستەفا)، پێك هاتووە كە، سێیەم جاریانە بە سیفەتی شاندی هەرێم دەچنە ئەمەریكا، لەگەڵ كۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیرانی ئەمەریكایش كۆ بوونەوە. ئەندامانی كۆنگرێس و پیران، پسپۆڕ، شارەزایان و دیپلۆماتكارانی ئەو وڵاتەیان لە دواپێشهاتی گۆڕەپانی سیاسی و ئەمنیی هەرێمی كوردستان و عێراق، ئاگادار كردەوە.
سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان (د.فوئاد حوسێن) لە ئەمەریكا بە ئەندامانی كۆنگرێس و ئەنجوومەنی پیرانی ئەو وڵاتەی راگەیاندووە كە، شەڕی تیرۆریستانی داعش درێژخایەن دەبێت، سەركەوتنیش لە شەڕێكی ئاوا گەورە و سەختدا، تەنیا بە هاوكاریی جیددی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ هێزی پێشمەرگەی كوردستان دێتە دی. (فەلاح مستەفا)، لە پاڵ (د.فوئاد حوسێن) جەختی لە شەڕی تیرۆریستانی داعش كرد كە، جەنگێكی درێژخایەن و قورسیشە، بۆیە داوای لە ئەمەریكاییەكان بوو كە، بۆ لە نێوبردنی تیرۆریستانی داعش، هاوكاریی زیاتری  هەرێمی كوردستان بكەن.

ئەندامانی كۆنگرێس و پیران چی دەڵێن؟
"پێشمەرگەی كوردستان سەلماندی كە، بە سەركەوتوویی بەرەنگاری تیرۆرستان بووەتەوە، بۆیە ئێمە بە دڵنیاییەوە هاوكاری و پشتیوانیی هێزی پێشمەرگە دەكەین، هاوكاریی تەواوی چەكیشیان دەكەین، بۆ ئەوەی بەردەوام سەركەوتن بە دەست بهێنن"، سیناتۆر و ئەندامانی كۆنگرێس وایانگوت.
چەكی قورسمان دەوێ
شاندی هەرێمی كوردستان، باسیان لە گرینگی و پێداویستیی هێزی پێشمەرگە لەلایەن ئەمەریكاوە كرد، لە ڕووی مەشقپێكردن و دابینكردنی چەكی قورس و پێداویستی سەربازی، بۆ بەردەوامبوونیان لە پێشرەویكردن و سەركەوتن بەسەر تیرۆریستاندا، هاوكات جەختیان لە پێویستیی هێزی پێشمەرگەی كوردستان بە چەكی قورس كردەوە. شاندی هەرێم بۆ سیناتۆر و ئەندامانی كۆنگرێسیان روون كردەوە كە، شەڕكردن لەگەڵ تیرۆریستانی داعش، تەنیا شەڕی كورد نییە، بەڵكو شەڕی هەموو وڵاتانی جیهانە، بۆیە پێویستە لەسەر كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوكار و بەشێك بن لەم شەڕە، تا شكست بە تیرۆریستان ببرێت. بە راشكاویش باسیان لە ترسناكیی رێكخراوی داعش لە ناوچەكە كرد، كە تەنیا  بۆ هەرێمی كوردستان جێگەی مەترسی نییە، بەڵكو بۆ گشت جیهان مەترسییە.

سیناتۆر و ئەندامانی كۆنگرێس لەگەڵ بۆچوونی شاندەكەی هەرێم هاوڕا بوون، هاودەنگیی خۆیان دووپات كردەوە كە، ئەمەریكا بە هەموو شێوەیەك بۆ پشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستان هاوكار دەبێت.

پشتگیریی كوردانی ئێزدی بن
كوردانی ئێزدی لە شنگال، لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە دووچاری تیرۆر و تۆقاندن و جینۆساید كران، ئەم كارەساتەیش بەلای شاندەكەی هەرێم لە ئەمەریكا جێگەی هەڵوەستەكردن بوو، بۆیە بە كۆنگرێس و ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئەمەریكایان راگەیاند كە، ئەوەی بەسەریان هاتووە بە دڵنیاییەوە جینۆسایدە و، ئومێدەوارین ئەمەریكا لە كۆنگرێس ئەم تاوانە بە جینۆساید بناسێنێت. شاندی هەرێم، تیشكیان خستە سەر رەوشی ئەو ئاوارانەی لە هەرێم نیشتەجێ كراون و، بە پێویستان زانی ئەمەریكا هاوكاریی جیددی ئاوارەكان بكات.