Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

داعش لە سەعدیە پەرتەوازە بووە..كوژرا و برینداری زۆری هەیە

سەعدیە-KDP.info-گوتەبێژی هێزەكانی پێشمەرگە لە گەرمەسێر عەمید (ئەحمەد لەتیف) ئاشكرای كرد، بەهۆی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانەوە ژمارەیەكی زۆر لە تیرۆریستانی داعش لە نێو سەعدییە كوژراون و، ئەوانی دیكە رایان كردووە.


گوتەبێژی هێزەكانی پێشمەرگە لە گەرمەسێر عەمید (ئەحمەد لەتیف) بە KDP.info راگەیاند، بەهۆی بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكان كە چەند رۆژێكە بە خەستی نێو ناحیەی سەعدییە لە سنووری شاری خانەقین بۆردومان دەكەن، ژمارەیەكی زۆر لە تیرۆریستانی داعش، كوژراون.


عەمید (ئەحمەد لەتیف ) دەڵێت، لەرێگەی دوربینەوە بە چاوی خۆمان بۆردوومانی فڕۆكە جەنگییەكانمان بینیوە كە، بارەگای وا هەبووە بە تەواوەتی بەسەر تیرۆریستاندا ڕوخاوە و، هەروەها بە هۆی بۆردومانەوە تیرۆریستان پەرتەوازە بوون و، ژمارەیەكی دیكەیشیان رایان كردووە.


(لەتیف) دەشڵێت، هێزەكانی پێشمەرگە لە ناوچەی ئیمام وەیس، لە دوێنێوە جێگیر بوون و هیچ جوڵەیەكیان نەكردووە و، ئەو هەواڵانەیش دوور لە راستییەوەن كە، دەگوترێت پێشمەرگە چووەتە نێو سەعدییە.


كاروان جاف