Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پۆلیسی هەولێر دەستگیركردنی 20 تاوانباری ڕاگەیاند

هەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەرایەتیی‌ پۆلیسی‌ پارێزگای هەولێر، دەستگیركردنی‌ (20) تاوانباری‌ ڕاگەیاند كە لە دوو مانگی ڕابردوودا لە هەولێر و دەوروبەری تاوانیان ئەنجام داوە و 19 كەسیشیان بە تۆمەتی‌ دزیكردن دەستگیر كراون و تاوانبارێكیش تاوانی‌ كوشتنی ئەنجام داوە.

بەڕێوەبەری‌ پۆلیسی‌ پارێزگای هەولێر لیوای مافپەروەر (عەبدولخالق تەڵعەت عوسمان)، لە پرێسكۆنفڕاسێكدا كە سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ لە هۆڵی ڕاگەیاندن بە ڕێوە چوو، گوتی: ئەو تاوانانەی‌ لە دوو مانگی‌ ڕابردوودا ئەنجام دراون، بریتین لە (11) تاوان كە (10) تاوانیان دزیكردنن و (19) كەس بە ئەنجامدانی‌ دزیكردن تاوانبارن، كەسێكیش تاوانی‌ كوشتنی‌ ئەنجام داوە.

لیوا (عەبدولخالق) لە بەشێكی دیكەی پرێسكۆنفڕانسەكەدا ڕایگەیاند، ئەوانەی‌ تاوانی‌ دزیكردنیان ئەنجام داوە، هەندێكیان بە شێوەی‌ گرووپ بوون ‌و هەندێكیشیان بە شێوەی‌ تاكەكەس بوون‌، هەروەها بەشێك لە تاوانبارەكان چەند تاوانێكی‌ دزیكردنیان ئەنجام داوە، بەشێكیشیان یەك تاوانیان ئەنجام داوە، لە سەرجەمی‌ ئەو (19) تاوانبارەیش، (12) تاوانباریان لە دەرەوەی‌ هەولێرەوە هاتوون، حەوت تاوانباریشیان خەڵكی‌‌ هەولێرن.

بەڕێوەبەری‌ پۆلیسی‌ پارێزگای هەولێر، هەروەها ڕوونیشی كردەوە كە، "ئەو دزیانەی‌ ئەنجام دراون، بریتین لە دزینی‌ (پارە، ئۆتۆمبێل، كارتی‌ مۆبایل، لاپتۆپ، ئایپاد، دزینی‌ مەڕوماڵات)، گەورەترین تاوانی‌ دزیكردنیش دزینی‌ ئۆتۆمبێلێك ‌و (900) هەزار دۆلار بووە كە لەلایەن دوو كەسەوە ئەنجام دراوە".

دەشڵێت، سەیرترین ڕووداوی‌ دزیكردنیش ئەوەیە، كەسێك بە هاوكاریی‌ دوو شوفێر، كە كرێنیان پێ بووە، هەستاون بە دزینی‌ بۆری‌‌ و شیش‌ و چیمەنتۆ لەو شوێنانەی‌ كە كاریان‌ تێدا دەكرێت، لەگەڵ دزینی‌ كەرەستەی‌ خانووبەرە و كەرەڤانە.

(عەبدولخالق تەڵعەت) هەروەها ئاماژەیشی دا، پرۆژەیەكیان لە بەردەستدایە كە منداڵان ‌و قوتابیان لە ڕێگەی‌ خوێندنگەكانەوە بە كاری‌ پۆلیس ئاشنا بكەن، پڕۆژەكەش خراوەتە واری‌ جێبەجێكردنەوە.

ئومێد پشدەری