Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فەرماندەیەكی میحوەری رەبیعە وردەكاریی هێرشەكەی داعشی ئاشكرا كرد.. 24 تەرمیان پێ جێ هێڵراون

رەبیعە-KDP.info- فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری رەبیعە، باسی شەڕەكەی ئەمڕۆی رەبیعە دەكات و دەڵێت، داعش بە پیلانێكی ئامادەكراوی تەواوەوە هاتبوون، شەو بە رێگەی دۆڵێكەوە خۆیان لە پێشمەرگە نزیك كردەوە، بەڵام پێشمەرگە وا لێیان هاتە وەڵام، گشتیان كوژران و كەسیان نەگەڕانەوە و تەرمی 24 تیرۆریستیش كەوتوونەنەتە دەست هێزی پێشمەرگە.

تیرۆریستانی داعش چۆن هاتبوون؟
فەرماندە (هاشم سیتەیی)، بە kdp.info-ی راگەیاند، "شەوی رابردوو تیرۆریستانی داعش خۆیان لە سەنگەرەكانی پێشمەرگە نزیك كردبووەوە، لە رێگەی دۆڵێكەوە هاتبوون و بەیانی سەعات حەوت، بە نارنجۆكی دەستی هێرشیان كردە سەر هێزی پێشمەرگە كە چوار خۆكوژ و چەندین ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراویان هێنابوو، خۆكوژەكان بە ئۆتۆمبێلەوە خۆیان تەقاندەوە، شەڕ دەستی پێ كرد، دواتر هێزی زێتر بۆ پشتگیریكردنی هێزی پێشمەرگە رەوانە كرا، بۆ ماوەی چەند سەعاتێك شەڕەكە بەردەوام بوو".
چییان بەسەر هات؟
(سیتەیی) دەشڵێت، "ئەو تیرۆریستانەی داعش كە هێرشیان كردبوو، هیچیان نەگەڕانەوە، لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە كوژران و، هەمەڕ و چەكەكانیان لەنێو بردران. 24 تەرمی داعش كەوتوونەتە دەست هێزی پێشمەرگە و، سێ هەمەڕ و نۆ ئۆتۆمبێلیشیان سووتێنران. جگە لەمەیش ژمارەیەكی زۆری دیكەی تیرۆریستان كە، بەهانای داعشەوە هاتبوون، كوژران. فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانانیش ژمارەیەكی دیكەی تیرۆریستانی داعشی لە نێو خانوویەكدا پێكا و ئەوانیش كوژران".

پیلانەكەیان ئاشكرا بوو
(هاشم سیتەیی) ئاماژەی دا، "هێرشی ئەم جارەی داعش بە گوێرەی پلانێكی داڕێژرا و بوو، پێشتر ئامادەكاریی تەواوی بۆ كرابوو، چونكە جلوبەرگ و پێڵاوەكانیان بە جۆرێكی وا ئامادە كرابوو كە كرداری خۆكوژیی پێ بكرێت و خۆكوژانە هاتبوون.
ئۆتۆمبێلەكانیان بۆمبڕێژكراو بوون، چەندین جۆرە چەكیان هەڵگرتبوو، هێزی پێشمەرگەیش راستە شەهیدیان داوە، بەڵام قارەمانانە هێرشەكەیان تێك شكاند و رێگەیان نەدا سەركەوتوو بن و، زیانی زۆریان پێگەیاندن و رێگەیان نەدا هیچ چەكدارێك كە، هێرشەكەیان كردبوو، بگەڕێنەوە و، هەموویان كوژران".
بڵند ئیبراهیم