Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكایەتیی پەرلەمان: پێویستە دەستوور سازانی نیشتمانیی لەسەر بێت

هەولێر-KDP.info- دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرۆكی فراكسیۆنەكان، ئەمڕۆ لە پەرلەمانی كوردستان بۆ گفتوگۆكردن لەسەر بابەتی (هەمواری ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان) كۆ بوونەوە و بڕیاریان دا كە هەمووان هەوڵ دەدەن بە دیدێكی كراوەوە بڕواننە داهاتوو و ململانێ سیاسی و ئایدۆلۆژییەكان لەم پرسەدا وەلا بنێن.

لە كۆبوونەوەكەدا دیدگای هاوبەش و سازانی نیشتمانی لەسەر پرسی دەستوور زاڵ بوو بەسەر كۆبوونەوەكەدا و هەمووان كۆك بوون كە سەرەڕای ڕێزگرتن لە هەوڵ و كۆششەكانی ڕابردوو بۆ نووسینەوەی پڕۆژەی دەستووری هەرێمی كوردستان، بەڵام لە ئەمڕۆوە هەمووان هەوڵ دەدەن بە دیدێكی كراوەوە بڕواننە داهاتوو و ململانێ سیاسی و ئایدۆلۆژییەكان لەم پرسەدا وەلا بنێن.
كۆبوونەوەكە بڕیاری دا كە هەمووان پێكەوە كار بكەن بۆ نووسینی دەستوورێك كە سازانی نیشتمانی لەسەر بێت و هەموو لایەنەكان تێیدا براوە بن، چونكە دەستوور گرێبەستێكی كۆمەڵایەتییە لە نێوان هەموو پێكهاتە جیاوازەكانی گەلەكەماندا. هەروەها بڕیار درا كە هەوڵ و گفتوگۆكان بەو ئاڕاستەیەدا بەردەوام بن.