Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەرلەمانی كوردستان: گۆڕینی ئەی ڕەقیب هێڵی سوورە

هەولێر-KDP.info- سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، "سروودی ئەی رەقیب بووەتە درووشمی یەكپارچەیی خاكی كوردستان، كورد لە هەرچوار پارچەكەی كوردستان لەسەر چەندین شت جیاوازیمان هەیە، بەڵام لەسەر سروودی نەتەوەیی (ئەی رەقیب) هەموومان تەباین و پێمان وایە سروودێكی گرینگە بۆ نەتەوەكەمان، لەبەر ئەوە ئەو سروودە بۆ ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان هێڵی سوورە و سازشی لەسەر ناكەین."

ئەم گوتانەی سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان (د. یوسف محەممەد سادق)، لە میانی پێشوازیكردن بوو لە گرووپی بەرگریی نەتەوەیی كوردستان كە لە ژمارەیەك ڕۆژنامەنووس و نووسەر و هونەرمەند و چالاكوانی مەدەنی پێك هاتوون، كە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 18-ی نۆڤەمبەر، سەردانی پەرلەمانی كوردستانیان كرد و لەلایەن سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و جێگری سەرۆكی پەرلەمانەوە پێشوازی كران.

شاندەكە داوایان لە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و سەرجەم فڕاكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان كرد پارێزگاری لە سروودی ئەی رەقیب بكەن و بە پڕۆژەیاسا ئەو سروودە بكەنە سروودێكی نەتەوەیی كورد، چونكە چەندین نەوەیە كورد یادەوەریی لەگەڵ سروودەكەدا هەیە.

لە بەرانبەردا سەرۆكی پەرلەمان، ئاماژەی دا كە، دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بە هەمان تێڕوانینی نەتەوەییەوە سەیری سروودی ئەی ڕەقیب دەكات، ئێستا لە پەرلەمان یاسایەك بۆ ئەو مەبەستە هەیە و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كراوە و لە داهاتوویشدا دەنگی لەسەر دەدرێت و سروودەكە وەك سرودێكی نەتەوەیی كورد دەناسرێنرێت".

گوتیشی، " لەسەر سروودی نەتەوەیی (ئەی رەقیب) هەموومان تەباین و پێمان وایە سروودێكی گرینگە بۆ نەتەوەكەمان، لەبەر ئەوە ئەو سروودە بۆ ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان هێڵی سوورە و سازشی لەسەر ناكەین".