Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكایەتیی هەرێم: لادانی ئەنوەری حاجی عوسمان بە هۆی شكاندنی فەرمانەوە بنەمایەكی نییە

هەولێر-KDP.info-  گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێم(د. ئومێد سەباح)، ڕەتی دەکاتەوە لادانی (ئەنوەری حاجی عوسمان) بەهۆی شكاندنی فەرمانەوە بێ لە بەرپرسیارێتیی میحوەری كەركووك و، دەشڵێت، ئەم هەواڵانە هیچ بنەمایەكیان نییە و دوورن لە ڕاستییەوە.

ماوەی چەند ڕۆژێکە لە ژمارەیەك سایت و میدیادا، ئەو هەواڵە بڵاو بووەته‌وە كە گوایە (ئەنوەری حاجی عوسمان) بە هۆی سەرپێچیكردن و شكاندنی فەرمانەوە لە بەرپرسیارێتیی میحوەری پێنجی ڕۆژئاوای كەركووك لادراوە.
دەربارەی ئەم پرسە، گوتەبێژی فەرمیی سەرۆكایەتیی هەرێم(د. ئومێد سەباح)، بۆ ڕۆژنامەی هەولێر ڕایگەیاند: "كە ئەم هەواڵە هیچ بنەمایەكی نییە و لە ڕاستییەوە دوورە."

(ئەنوەری حاجی عوسمان)، پێشمەرگەیەكی قارەمان و سەركردەیەكی سەركەوتووە و جێگەی ڕێزی (سەرۆك بارزانی) و پێشمەرگەكانە. پاش ئه‌وه‌ی تیرۆریستان پەلاماری كوردستانیان دا و ڕەوشی ناوچەكە ئاڵۆز بوو، لەسەر بڕیاری (سەرۆك بارزانی) بە شێوەیەكی كاتی ئەركی فەرماندەیی میحوەری پێنجی ڕۆژئاوای كەركووك بە (ئەنوەری حاجی عوسمان) سپێردرا و، لەو ماوەیەدا ئەركەكانی خۆی بە شێوەیەكی شایستە بە جێ گەیاندووە.

لەگەڵ ئەوەیشدا، ئەركی سەرەكیی (ئەنوەری حاجی عوسمان)، وەك بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە، لە وەزارەتی پێشمەرگەیە. بە هۆی فراوانتربوونی كاروباری وەزارەتی پێشمەرگە لە ئێستادا، (ئەنوەری حاجی عوسمان) بۆ ئەركی سەرەكیی خۆی لە وەزارەتی پێشمەرگە گەڕاوەتەوە و، لەوێڕا چاودێری و سەرپەرشتیی كاروباری میحوەرەكانی شەڕ دەكات. بۆ میحوەری ڕۆژئاوای كەركووكیش، (كەمال كەركووكی) بە فەرمانی (سەرۆك بارزانی) وەك فەرماندەی ئەو میحوەرە دانراوە.