Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

یاسای خانەنشینیی هێزەكانی ناوخۆی هەرێم هەموار دەكرێتەوە.. لە 15 ساڵی خزمەت تا زێتر لە 25 ساڵ دەگرێتەوە

هەولێر-KDP.info-جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، بڕیارە یاسای خانەنشینیی هێزەكانی ناوخۆی هەرێم هەموار بكرێتەوە و، بە گوێرەی هەمواركردنەكە، خانەشینی لە 15 ساڵی خزمەت، تا زێتر لە 25 ساڵی، دەگرێتەوە.

جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان (نازم هەركی)، بە kdp.info-ی راگەیاند، "داواكارییەكی زۆر لە پەرلەمان كراوە بۆ هەمواركردنەوەی یاسای خانەنشینیی هێزەكانی ناوخۆ، ئەمڕۆ لیژنەكەمان یەكەم كۆبوونەوەی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ ئەنجام دا، تا ئەو یاسایە هەموار بكرێتەوە و، لە كۆبوونەوەكەدا چەند پێشنیازێك خراونەتە روو، چونكە لە ئێستادا هێزەكانی ناوخۆ بە دوو شێوە خانەنشین دەكرێن، هەندێكیان لەسەر مووچەی بنەڕەتی و هەندێكیش لەسەر مووچەی گشتی و، هەندێكیش كاتی خانەنشینییان هاتووە، تا ئێستا خانەنشین نەكراون، بۆیە دەیانەوێت ئەو پڕۆژەیاسایە هەموار بكەنەوە كە، یاسای ژمارە  18-ی ساڵی 2011-یە و، مووچەی خانەنشینیی هێزەكانی ناوخۆ رێك بخەن".

(نازم هەركی) دەڵێت، "داواكارین كە مووچەی خانەنشینی بەپێی خزمەت بێت كە ئەوانەی 15ساڵ خزمەت بە مووچەی 50%-ی مووچەی گشتی خانەنشین بكرێن و، ئەوانەی 20ساڵ خزمەتیان هەیە بە 65% مووچەی گشتی خانەنشین بكرێن. هەروەها ئەوانەی 25ساڵ خزمەتیان هەیە 75% مووچەی گشتی خانەنشین بكرێن و ئەوانەیش كە زیاتر لە  25ساڵ خزمەتیان هەیە، بە80% مووچەی گشتی خانەنشین بكرێن، تا دادپەروەری لە نێوان هەموو هێزەكان بە بێ جیاوازی، پێڕۆ بكرێت".

زیاتر گوتی، بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا كۆبوونەوەیەكی دیكە ئەنجام بدەن و، هەمواری یاساكە ئامادە بكەن و، رەوانەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكرێت، بۆ ئەوەی بخرێتە بەرنامەی كار و پەسەند بكرێت كە، بێگومان هێزەكانی ناوخۆ سوودی زۆری لێ وەردەگرن.
بڵند ئیبراهیم