Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی، میلی كاتژمێری داعشی راگرت

سەرۆك بارزانی و سەرۆک ئۆباما- کۆشکی سپیی ئەمەریکا.

هەولێر-KDP.info-  میلی هێرشەكانی داعش لە 9-6-2014، بەرەو مووسڵ جووڵا و كاتژمێری تیرۆر زەنگی داگیركردنی مووسڵی بۆ عێراق لێ دا، بەڵام وەك سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتیی دیموكرتی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، بە یەك تەلەفۆن و یەك هەڵوێستی (سەرۆك بارزانی) بۆ جیهان، ئەمەریكا و وڵاتانی هاوپەیمانان، پشتگیرییان بۆ هەڵوێستەكەی سەرۆك راگەیاند و رێرەوی پێشڕەوییەكانی داعش راگیران.

"كاتەكە، شەوی 6ـی ئاب بوو، ئەو هەموو پێوەندیانەیش كە كران، ئامادەكاری بوون بۆ پێوەندیی نێوان جەنابی (سەرۆك بارزانی) و (جۆو بایدن). پێوەندییەكە رێك خرا و جەنابی (سەرۆك) بە روونی باسی دۆخەكەی كرد و، گوتی كە داعش بە چەكێك هاتوونەتە پێش كە، ئێمە نیمانە و بە ئسلوبێكی شەڕ هاتوونەتە پێش كە، زۆر جیایە لە شەڕی تەقلیدی و پارتیزانی. دوای ئەوەی ئەمەریكا بڕیاری دا لە داعش بدەن، (ئۆباما) گوتارێكی بۆ رای گشتی ئەمەریكا پێشكەش كرد، تەنانەت پێش ئەوەی (ئۆباما) گوتارەكەی پێشكەش بكات بە (سەرۆك بارزانی)ـیان گوت، گوتارەكەی چی دەبێ و باسی چی دەكات. دوای گوتارەكەیش یەكسەر ئەمەریكا لە رۆژی 8/8/2014 لە داعشیان دا و، یەكەم لێدانی ئەمەریكایش لە داعش بۆردوومانی تۆپێكی گەورە بوو لە نزیك مەخموور كە، توانای هەبوو 30 كم بڕوات، مەدفەعییەكی ئەمەریكی بوو، لە سوپای عێراقەوە كەوتبووە دەست چەكدارانی داعش. دوای تەلەفۆنەكەی (بارزانی) لەگەڵ (بایدن)، واشنتۆن بڕیاری دا لە داعش بدات". سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان، (فوئاد حوسێن) وای گوت كە، ئەم لێدوانەی لە (18-9-2014 لە ماڵپەڕی سەرۆكایەتیی هەرێم)، بڵاو كراوەتەوە.

میلی هێرشەكانی داعش، لە 9-6-2014 بەرەو مووسڵ خولا و كاتژمێری تیرۆر، زەنگی داگیركردنی مووسڵی بۆ عێراق لێ دا. لە كۆی گشتیی 17 فیرقەی سوپای عێراق، بە سەرۆكایەتیی فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكانی ئەوكاتی عێراق (مالیكی)، توانای بەرگری نەما، پێشڕەوییەكانی تیرۆریستانی داعش، شكستیان بە سوپا برد. ورەی سوپا رووخا و ناوچەكە بوو بە ئاگر، دووكەڵی ئەو ئاگرە، ناوچە سنوورییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستانیشی گرتەوە و، رووی چەكە قورسەكانی سوپای عێراق، كە لەلایەن داعشەوە دەستیان بەسەردا گیرابوو، بەرەوڕووی هەرێم كرانەوە. بەڵام پێشمەرگە سەنگەری بەرنەدا، بە درێژایی 1050 كیلۆمەتر بەرگری لە خاكی كوردستان كرد. كە بینرا چەكی تیرۆریستانی داعش، زۆر لە چەكی پێشمەرگە بەهێزترە، بینرا پێشمەرگە تا دوادڵۆپی خوێن دەجەنگێت، (سەرۆك بارزانی)، یەكەم پێوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ ئەمەریكا دەست پێ كرد، ئەوە بوو بە هۆی ئەو تەلەفۆنەوە ئەمەریكا پشتیوانیی ئاسمانیی هێزی پێشمەرگەی، كرد.
ئەو تەلەفۆنە میلی كاتژمێری داعشی راگرت، ئەمەریكا، ئیتاڵیا، فەڕەنسا، ئەڵمانیا و وڵاتانی دی، پشتیوانییان بۆ (سەرۆك بارزانی) راگەیاند و، بە هێزی زەوینی پێشمەرگە و پشتیوانیی ئاسمانی وڵاتانی بیانی، داعش تێك شكێنرا. میلی كاتژمێری تیرۆر كە بۆ هەرێمی كوردستان زەنگی لێ دا، بە بەرخودانی (سەرۆك بارزانی)، راگیرا.
پێوەست بەم پرسە،  سەرۆكی فراكسیۆنی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی بەغدا، (خەسرۆ گۆران)، بۆ KDP.info  رایگەیاند كە، (سەرۆك بارزانی) رێبەرێكی سیاسی و نیشتمانیی گەورەی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوینە، لە ساڵی 1970 تا ئێستا پێوەندییەكی بەهێزی سیاسی لەگەڵ سەركردەكانی جیهان لە گشت ئاستێكەوە لە سەرۆككومار، سەرۆكوەزیران و تا ئاستەكانی سەربازی و بوارەكان دی، دروست كردووە، بۆیە ئەو سیاسەتە دروستەی (سەرۆك بارزانی) كە كردوویەتی بە سیاسەتی هەرێم، لە 20 ساڵی رابردوو تا ئێستا قورساییەكی گەورەی بۆ دۆزی كورد دروست كردووە، بە تایبەت لە ئەورووپا و ئەمەریكا، هەروەها شەقامی ئەمەریكا و ئەورووپایش دیموكراتییەتی هەرێمی كوردستانی هەزم كردووە كە، تەبایی و پێكەوەژیانی ئەو هەرێمە، لای ئەوان بە بایەخی زۆرەوە لێی دەڕوانرێ.
سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی بەغدا (خەسرۆ گۆران)، دەشڵێت، "سیاسەتی (سەرۆك بارزانی)، بۆ جەختكردنەوە لە پێكەوەژیانی سەرجەم پێكهاتە ئایینی و نەتەوەكان، پاراستنی دیموكراتییەت لە هەرێم، وای كردووە لە هەموو جیهان رێز لە بڕیاری (سەرۆك بارزانی) بگیرێت و حیسابی تایبەتی بۆ بكرێت. لەگەڵ هاتنی داعش، بە یەك تەلەفۆن و یەك هەڵوێستی (سەرۆك بارزانی) بۆ جیهان، وای كرد ئەمەریكا و وڵاتانی ئێستای هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، پشتگیری بۆ هەڵوێستەكەی (سەرۆك) رابگەیەنن و رێرەوی پێشڕەوییەكانی داعش، رابگیرێت".
(خەسرۆ گۆران)، ئاماژەیشی دا كە، "(سەرۆك بارزانی) رەوشی سیاسیی عێراق و پێشهاتەكانی وەك زەنگێكی ئاگاداركەرەوە بۆ دۆستانی كورد لێ دا، لە دەستپێكدا لە ماوەی رابردوو (سەرۆك) هۆشداریی دایە سەركردەكانی عێراق، كە ئەو سیاسەتەی (مالیكی) لە عێراق پێڕۆی دەكات چەوتە و، پێویستە چارەیەك بۆ راگرتنی ئەو سیاسەتە چەوتە بدۆزرێتەوە، سەرۆك هەوڵی جیددی دا كە ئەو سیاسەتە چەوتە رابگیرێت.
لە كاتی راپەرینی سوننەكانیش لە عێراق و بارگرژییەكانی ناوچەكە، (سەرۆك بارزانی) هۆشداریی پێدان كە، عێراق بەرە و بارودۆخێكی خراپ دەچێت. هەروەها پێش داگیركردنی مووسڵ لەلاین تیرۆریستانی داعشەوە، (سەرۆك بارزانی) هۆشداریی دایە سەركردەكانی عێراق و (مالیكی) كە، رەوشی مووسڵ لە مەترسیدایە و ئەگەر چارەیەك نەدۆزنەوە، ئەوا عێراق بەرەو رووخان دەچێت. ئەو دووربینییەی (سەرۆك بارزانی) بۆ پێشهاتە سیاسییەكان، لای ئەمەریكا و وڵاتانی جیهان بە گرینگییەوە لێی ڕوانرا و وای كرد رێرەوی پێشڕەوەییەكانی داعش، رابگیرێت."

شاو كوردی