Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كۆبانی بووەتە گۆڕستانی تیرۆریستان.. بە هاوكاریی پێشمەرگە 15%ـی ناوچەكە ئازاد كراوە

كۆبانی-KDP.info-  فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی لیوا (عەبدولقەهار مەجید)، ئاشكرای دەكات كە، لەوەتەی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانی چوون، 15%ـی شارەكە، ئازاد كراوەتەوە، لە دوێنێیشەوە زیانی گەورەیان بە تیرۆریستانی داعش  گەیاندووە و، تەرمی تیرۆریستانیش، كەوتوونەتە دەستی شەڕڤانان و پێشمەرگە.

 

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی لیوا (عەبدولقەهار مەجید) بە kdp.infoـی راگەیاند، "لە دوو رۆژی رابردوودا، شەڕڤانان بە هاوكاریی هێزی پێشمەرگە، هێرشیان كردووەتە سەر تیرۆریستانی داعش و، چەندین شوێنیان رزگار كردووە، بەڵام لە دوێنێوە لە ناوچەی رۆژهەڵات و باشووری كۆبانی، داعش چەندین هێرشی بۆ داگیركردنەوەی ئەو شوێنانە دەست پێ كردووە  كە، لەلایەن پێشمەرگە و شەڕڤانانەوە ئازاد كراون و، سەرجەم هێرشەكانیان بەرپەرچدراونەتەوە و تێكیان شكاندوون.
پێشمەرگە و شەڕڤانان، زیانی زۆریان بە داعش گەیاندووە و، چەندین تیرۆریست كوژراون و، 12 تەرمی تیرۆریستانیش، كەوتوونەتە دەستی شەڕڤانان و پێشمەرگەوە.

 

فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە كۆبانی دەشڵێت، ئێوارەی ئەمڕۆ، داعش هێرشی بۆ هێناوین، بەڵام بە توندی وەڵاممان دانەوە و، تێك شكێنران، ئەمڕۆیش، فڕۆكە جەنگییەكانیش دوو جار مۆڵگەكانی داعشیان بۆردوومان كردووە و زیانی زۆریان پێگەیاندوون، بەڵام تا ئێستا، قەبارەی زیانەكان نەزانراوە.

 

(مەجید)، ئاشكرای دەكات، لەوەتەی هێزی پێشمەرگە گەییشتووەتە كۆبانی، زۆر شوێن رزگار كراون، 80 خێزانیش بۆ ماڵەكانیان گەڕاونەتەوە.
فەرماندەی هێزی پێـشەرگە ڕوونی کردەوە، "ئەو كاتەی ئێمە چووین بۆ ئەو شارە، 70%ـی كۆبانی لە دەست تیرۆریستانی داعشدا بوو، بەڵام لەئێستادا 55%ـی لە دەست تیرۆریستاندا ماوە، لە پێشڕەویشداین بۆ ئازادكردنی شوێنەكانی دی".


لە كۆتایی لێدوانەكەیدا لیوا (عەبدولقەهار مەجید) رایگەیاند، لە رۆژهەڵاتی كۆبانی، هێزەكانیان پێشڕەوییان كردووە و نزیكن لەوەی كە تەواوی ناوچەكە ئازاد بكەن، لە ئێستایشدا پێشڕەوییان بەرە و باكوور و باشووری كۆبانی بەڕێوەیە، تا لەوێیشەوە تەواوی ناوچەكان، رزگار بكەن.


جێی ئاماژەیە، بەپێی دوائامار كە لە رۆژئاوای كوردستان بڵاو كراوەتەوە، زیاتر لە 3 هەزار تیرۆریستی داعش، لە كۆبانی و ناوچەكانی دی كوردستان، كوژراون و، لەوەتەی پێشمەرگەیش بۆ كۆبانی چوون، شارەكە بووەتە گۆڕستانی تیرۆریستان.

بڵند ئیبراهیم