Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی دهۆك، ئەندامانی ئەنجوومەنی نیشتیمانی گەڕانەوە رۆژئاوای كوردستان

رۆژئاوای كوردستان-KDP.info- ئەندامێكی ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد لە سووریا دەڵێت، ئەمڕۆ بە مەبەستی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی دهۆك، بۆ رۆژئاوای كوردستان گەڕانەونەتەوە.

ئەندامی ئەنجوومەنی نیشتیمانی كورد لە سووریا (بەشار ئەمین)، بەKDP.info –ی ڕاگەیاند، دوای ئەوەی لە پارێزگای دهۆك هەردوو ئەنجوومەنی رۆژئاوای كوردستان لەسەر سێ خاڵ رێككەوتن، بۆ ئەوەی بە هاوبەشی لە رۆژئاوای كوردستاندا كار بكەن و ناكۆكیی نوانیان چارە بكرێت، ئەمڕۆ بە مەبەستی جێبەجێكردنی ئەو خاڵانە گەڕانەوە رۆژئاوای كوردستان.

(بەشار) گوتیشی، بڕیارە هەفتەی داهاتوو لە رۆژئاوای كوردستان كۆ ببنەوە و تێیدا مەرجەعی سیاسی دروست بكرێت كە لە 30 ئەندام پێك دێت و بۆ هەر ئەنجوومەنێك 12ئەندام دەبێت و شەش ئەندامەكەی دیكەیش بۆ كەسانی دەرەوەی ئەو دوو ئەنجوومەنە دەبێت.
ئەو هەروەها ڕوونیشی كردەوە، دوای دامەزراندنی مەرجەعی سیاسی، لیژنە بۆ جێبەجێكردنی دوو خاڵەكی دیكە دروست دەكرێن.
بە گوتەی ئەو ئەندامەی ئەنجوومەن، "رێككەوتنی ئەم جارە هەندێك جیاوازیی لەگەڵ پێشوودا هەیە و جیددیاتی پێوە دیارە، بۆیە گەشبینم كە ئەم جارە لە واقیعدا جێبەجێ بكرێت".

هەردوو ئەنجوومەنی رۆژئاوای كوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان ماوەی چەند رۆژێك كۆ بوونەوە و تێیدا لەسەر سێ خاڵ رێككەوتن، ئەوانەیش دانانی مەرجەعێكی سیاسی، چۆنیەتیی بەڕێوەبەردن و دروستكردنی هێزێكی هاوبەش بوون و بڕیاریشە ئەو رێككەوتنە لە ماوەی دوو مانگدا بە تەواوی جێبەجێ بكرێت.
بڵند ئیبراهیم