Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی حەمەساڵح: ئەو پارەیەی بۆ هەرێم دەنێردرێت، 10%ـیش كەمترە.. هەرێمی كوردستانیش خاوەنی سیادەیە

ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان (عەلی حەمەساڵح)

هەولێر-KDP.info-  پەرلەمانتارێكی كوردستان دەڵێت، حكوومەتی عێراق فێڵێكی گەورە لە بودجەی هەرێمی كوردستان دەكات. ڕوونیشی دەكاتەوە كە، هەرێم شازدە ترلیۆن دیناری لای بەغدایە و ئەو پارەیەیش كە بەغدا بۆ هەرێمی دەنێرێت، 10% كەمترە. ئەو جەختیش دەکاتەوە کە، دەبێت جەخت لەوە بكەینەوە كە 17%-ی بودجە وەربگرین نەك 10%، چونكە هەروەك چۆن بەغدا سیادەی هەیە، هەرێمی كوردستانیش خاوەنی سیادەیە، بەغدا چۆن سەرۆكایەتیی كۆماری هەیە، ئێمەیش سەرۆكایەتیی هەرێممان هەیە.


ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی كوردستان (عەلی حەمەساڵح)، بۆ KDP.info گوتی، "بەپێی پڕۆژەبودجەی 2014-ی عێراق، دەبوو هەرێمی كوردستان مانگانە ملیارێك و 100 ملیۆن دۆلاری لە بەغداوە بۆ ڕەوانە بكرێت، بەڵام دەبینین ئەوە نەكراوە، ئەگەر بەشەبودجەی ساڵی 2014 وەربگرین، كە هێشتا 2 مانگمان ماوە، دەكاتە 16 ترلیۆن دینار كە پشكی هەرێم بووە بە مووچە و بودجەوە، لە دوای 2003-یشەوە ئەمە یەكەم جارە شتی وا لە عێراقدا ڕوو دەدات و بودجە وەك كارتێكی سیاسی دژی هەرێمی كوردستان بەكار دەهێندرێت".

ئەو پەرلەمانتارە هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو كە، بۆ ئەوەی عێراق جارێكی دیكە نەتوانێت ئەو كارتە بەرانبەر هەرێمی كوردستان بەكار بهێنێتەوە، دەبێت سیاسیەتی پەرەپێدانی ئابووری هەرێمی كوردستان بەم شێوەیە بێت: یەكەم، دامەزراوەی نەوت لە كوردستان بكرێتە دامەزراوەی نەوتی و سندوقی داهاتی نەوت دروست بكرێت و كۆمپانیای كوردستان داهاتی نەوت بۆ سیاسەتی گەشەپێدانی داهاتی ناوخۆ بەكار بهێنێت و داهاتەكەیش زیاد بكەین و كار بۆ چاكسازیی كارگێڕی و دارایی لە دامەزراوەكاندا بكەین، حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش هەماهەنگی لەگەڵ بەغدا بكات بۆ فرۆشتنی نەوت، بە مەرجێك هەرێمی كوردستان خۆی سەرپەرشتیی فرۆشتنەكە بكات و پارەكە بگەڕێتەوە بۆ بەغدا و لەوێوە دابەشی هەموو عێراق بكرێت، ئەو كاتەیش بە مەرج بێت كە پشكی هەرێمی كوردستان 17%-ی تەواو بێت نەك 10% كە ئەمە باشترین چارەیە بۆ ڕزگاربوون لەم قەیرانە".

گوتیشی، "دووەم ڕێگەچارە ئەوەیە كە، پارەی نەوتی فرۆشراوی هەرێم كۆی گشتییەكەی بگەڕێتەوە بۆ بەغدا و بەغدایش 17%-ی بگەڕێنێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان، یان هەرێمی كوردستان ئەو پارەی فرۆشتنی نەوتە ڕاستەوخۆ لە توركیاوە وەربگرێت تا دەگاتە 17% كە ئەگەر لەو ڕێژەیە زیاتر بوو، بیگەڕێنێتەوە بۆ بەغدا، ئەگەریش كەمتر بوو بەغدا بۆی تەواو بكات".

لەبارەی چوونی شاندی هەرێم بۆ بەغدا و ئەگەری ناردنی بودجەی كوردستان، (عەلی حەمەساڵح) ئاماژەی دا، "پێم وا نییە بگەنە ڕێككەوتن، چونكە حكوومەتی عێراق داوا دەكات كۆی داهاتی نەوتی ڕادەست بكرێت، هەرێمی كوردستانیش ئامادە نابێت، خۆ ئەگەر ئامادەیش بێت، دەبێ بە ڕێككەوتن و هەماهەنگی ئەمە بكرێت، ئێمە دەبێت جەخت لەوە بكەینەوە كە 17%-ی بودجە وەربگرین نەك 10%، چونكە هەروەك چۆن بەغدا سیادەی هەیە، هەرێمی كوردستانیش خاوەنی سیادەیە، بەغدا چۆن سەرۆكایەتیی كۆماری هەیە، ئێمەیش سەرۆكایەتیی هەرێممان هەیە، بەغدا چۆن حكوومەتی هەیە، ئێمەیش ئێمەیش حكوومەتمان هەیە، ئەمە جگە لەوەی ئەوان چۆن وەزارەتی بەرگرییان هەیە، ئێمەیش پێشمەرگەمان هەیە".

(عەلی) باس لە فێڵێك لە بەشەبودجەی كوردستاندا دەكات و دەڵێت، "لەبەر ئەوەی هەرێمی كوردستان 10% وەردەگرێت، چونكە بەغدا ساڵانە بەم شێوەیە مامەڵە لەگەڵ بودجەی گشتیدا دەكات: بۆ نموونە، بودجەی ساڵانە 160 ترلیۆنە، 50 ترلیۆنی بۆ سیادە تەرخان دەكات و 110 ترلیۆنی دەمێنێتەوە، لەو پارەیەیش كە 110 ترلیۆنە، 17% وەردەگریت، كە ناكاتە كۆیی گشتی ئەو پارەیە و لە 10%-یش كەمترە".

كارزان هەورامی