Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بووەتە بەشێك لە هێزی نێونەتەوەیی.. پێشمەرگە كۆدی سەركەوتنە

هەولێر-KDP.info-  چاودێر و شارەزایەكی كاروباری توركیا ڕایدەگەیەنێت، یەكەم جارە هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی سنووری هەرێم و عێراق بەشداریی چالاكییەكی یاسایی نێودەوڵەتی دەكات و دەبێتە بەشێك لە هێزی نێونەتەوەیی. دەشڵێت، "دەبێ ئێمە بەو شێوەیە خۆمان ببینین كە بەشێكین لە هێزی نێودەوڵەتی، چونكە پێشمەرگە كۆدی سەركەوتنە".

چاودێری سیاسی و شارەزا لە كاروباری توركیا (حەسەن ئەحمەد مستەفا)، لە لێدوانێكدا بۆ  KDP.infoگوتی، "ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانی، تەنیا لە بواری نەتەوەیی و سیمبولییەوە حیسابی بۆ كراوە، ئەگەرچی ناكرێت ئەم بوارەیش فەرامۆش بكرێت، بەڵام ئەم بوارە ئامانجی سەرەكیی سیاسەتكردن نییە لە دۆخی ئەمڕۆدا و نە ئامانجی سەركردایەتیی سیاسیی هەرێمی كوردستانیشە، بەدەر لەوەی ئەگەر لایەنێك پێویستی بێت ئەمە بۆ كاتێكی دیاریكراو بە كار بهێنێت، بەڵام زۆر ستراتیژی نییە و ئەوە گرینگە لە رووە سیاسییەكەیەوە خوێندنەوەی جیددی بۆ ئەم هاوبەشییەی هەرێمی كوردستان لەگەڵ هێزە نێونەتەوەییەكان لە سووریادا بكەین، لەبەر ئەوەی بۆ یەكەمین جارە هەرێمی كوردستان لە دەرەوەی سنووری هەرێم و عێراق بەشداریی چالاكییەكی یاسایی نێودەوڵەتی دەكات و دەبێتە بەشێك لە هێزی نێونەتەوەیی".

گوتیشی، "ئەمە ئەو شتە بوو خەونمان پێوە دەبینی كە بتوانین ئەو هێزە بین و كارێكی وا بكەین، ئەمە دۆخێكمان پێشكەش دەكات كە ئێمە بەو شێوەیە خۆمان ببینینەوە كە بەشێكین لە هێزی نێودەوڵەتی، زۆر جار گوێمان لێ دەبێت زۆر كەس بە ناوی سەرچاوەی زانیاریی رۆژنامەگەری یاخود سەربازییەوە قسە دەكەن، ئەوانە هەڵەن كە گوایە هێزەكە كەمە، كە ئەوە مانایەكی سیاسیی مەزنی هەیە، چونكە سەرەتای بەشداریپێكردنی هێزەكانی دیكەی نێودەوڵەتییە بۆ ئازادكردنی كۆبانی، ئەمەیش وەك هەنگاوی یەكەم بۆ ئازادكردنی ناوچەكانی دیكە كە من پێم وایە ئامانج رەققە و شوێنی دیكەیە و ئەمەیش هەنگاوێكی مەزنە".

ئەو چاودێرە سیاسییە ڕوونیشی كردەوە كە، "ئەگەر توركیا بزانێت داعش لەناو دەچێت و بەرگەی ئەم گورزە ناگرێت و ناتوانێت چالاكی و كردەی تیرۆریستی لەناو توركیادا ئەنجام بدات، چونكە داعش لە ناو توركیادا نفوزی هەیە و خەڵكی توركیا بەشێكی گەنجەكانی لە ناویاندان و شارەزاییەكی باشیان پەیدا كردووە، بەڵام كە بزانێت داعش لەبەین دەچێت، ئەو كاتە توركیایش دژی داعش بەشداریی پڕۆسەكە دەكات".

(حەسەن ئەحمەد) گوتیشی، "ئەوەی كە زۆر گرینگە، پاراستنی ئەو هێزەیە لە رووی هێزی ئاسمانییەوە كە ئەركێكی گرینگی ئەمەریكایە و لە رووی زەوینییشەوە ئەركی پەیەدەیە، لەبەر ئەوە ئەمە هێزێكی پشتیوانییە و هیی هێرش نییە، هێزی پشتیوانی دەبێت بە جیددی لە لایەن هێزە نێودەوڵەتییەكانەوە بپارێزرێت، ئەمە هێزێكە بەرپرسیارەتییە سیاسی و سەربازییەكەی لە ئەستۆی ناتۆ و پینتاگۆن و ئەوانەدایە، پێشمەرگەیش كۆدی سەركەوتنی كارەكەیە لەبەر ئەوە یەكەم بەشداریپێكردنی هێزێكی جیاوازە كە پێم وایە هێزی دیكەیشی بەدوادا بێت، ئەمە كاریگەری بۆ سەر بەرەكانی شەڕ لە هەرێمی كوردستانیش دەبێت كە هەندێك كەس پێیان وابوو ئەمە بەرەكانی هەرێمی كوردستان لاواز دەكات، نەخێر، ئەمە گوشارێكی راستەقینەیە بۆ سەر تیرۆریستانی داعش، جگە لەوەیش یەكەم جارە هەرێمی كوردستان بەشداریی پرۆسەیەكی گەورەی سیاسی و سەربازی لە رۆژئاوادا دەكات".