Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

نوێنەری پەیەدە: تەنیا 50 چەكداری سوپای ئازادی سووریا چوونەتە كۆبانی

كۆبانی-KDP.INFO- نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی كوردستان دەڵێت، ئەو هەواڵانە راست نین كە باس لەوە دەكەن هەزار و 300 چەكداری سوپای ئازاد دەچنە كۆبانی، لە ئێستایشدا تەنیا 50چەكدار چوونەتە ئەو شارە.


نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی كوردستان (غەریب حەسۆ)، بە kdp.info-ی ڕاگەیاند، ماوەی دوو مانگە رێككەوتن لە نێوان سوپای ئازادی سووریا و شەڕڤانانی ئەواندا كراوە، بەڵام لە ئێستادا تەنیا 50چەكدار لە رێی خاكی توركیاوە چوونەتە كۆبانی و گفتوگۆ دەكرێت بۆ ئەوەی چەند چەكداری دیكە بچن هاوكاریی شەڕڤانانی یەپەگە لە شەڕی دژی داعشدا بكەن.

(غەریب) گوتیشی، ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەكەن هەزار و 300 چەكداری سوپای ئازاد دەچنە كۆبانی، راست نین، چونكە كۆبانی پێویستی بەو ژمارە زۆرەی چەكداران نییە و ئەوەی چووە تەنیا 50 چەكدارن و دیاریش نییە چەند چەكداری دیكە دەچن، بەڵام گفتوگۆ لەو بارەیەوە بەردەوامە.

سەبارەت بە چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانی، (حەسۆ)گوتی، هیچ كێشەیەك بۆ چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانی لە خاكی توركیادا نییە و تا دوێنێ ئێوارەیش نەچووبوونە ناو شار، ئەمڕۆیش دیار نییە چوونە یاخود نا، ئەوەی گرینگە ئەوەیە کە هیچ كێشەیەك لەو بارەیەوە نییە.

بڵند ئیبراهیم