Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانی

سەرۆک بارزانی

هەولێر-KDP.info- (سەرۆک بارزانی) دەربارەی چۆنیەتیی ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ پشتیوانی لە کۆبانی، ڕایدەگەیەنێت، "یارمەتیدان و گەیاندنی هاوكاری بۆ خوشك و براكانمان ئەركێكی نەتەوەیی بوو. بەڵام بە هۆی دووریی جیۆگرافی و ئابڵۆقەدانی كۆبانی لە لایەن تیرۆریستانەوە گەیاندنی هاوكاری بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ زۆر ئەستەم بوو. بۆیە هەموو هەوڵێكمان دا لەگەڵ دۆستانی گەلەكەمان كە هەوڵ بدەن كۆبانی نەكەوێتە دەست تیرۆریستان."

دەقی پەیامی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەبارەی چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانی:
بە ناوی خودای مەزن و دلۆڤان
پەلاماری تیرۆریستانی داعش بۆ سەر هەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان و ئەو دڕندەیی و بێڕەحمییەی تیرۆریستان لەبەرانبەر گەلی كوردیان ئەنجام دا زۆر بەڕوونی نیشان دەدات كە تیرۆریستانی داعش تەنیا لە ڕووی ئایینییەوە توندڕۆ نین، بەڵكو زۆریان هەڵگری هەردوو توندڕۆیی ئایینی و ڕەگەزپەرستیی نەتەوەیین. هەر بۆیەشە هەرێمی كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستانیان كردە ئامانج و پەلاماری گەلی كوردییان دا.
جێگەی شانازییە ئێستا گەلی كوردستان لە ڕۆژئاوا و هەرێمی كوردستان قارەمانانە بەرگری لە خۆی دەكات و تیرۆریستانیان تووشی شكست و داڕمان كردووە. لەو كاتەی كۆبانی لە لایەن تیرۆریستانەوە كەوتە بەر هێرش، یارمەتیدان و گەیاندنی هاوكاری بۆ خوشك و براكانمان ئەركێكی نەتەوەیی بوو. بەڵام بە هۆی دووریی جیۆگرافی و ئابڵۆقەدانی كۆبانی لە لایەن تیرۆریستانەوە گەیاندنی هاوكاری بە شێوەیەكی ڕاستەوخۆ زۆر ئەستەم بوو. بۆیە هەموو هەوڵێكمان دا لەگەڵ دۆستانی گەلەكەمان كە هەوڵ بدەن كۆبانی نەكەوێتە دەست تیرۆریستان.
بەدەنگەوەهاتنی هاوپەیمانان و وەشاندنی گورزی ئاسمانی و هەروەها گەیاندنی هاوكارییە سەربازییەكانی هەرێم لە لایەن فڕۆكە ئەمەریكاییەكانەوە، هەنگاوێكی كاریگەر بوو و جێگەی سوپاس و پێزانینە و یارمەتیی شەڕڤانانی كۆبانیی دا كە هێرشی داعش بشكێنن.
چوونی هێزی پێشمەرگەیش بۆ كۆبانی بە بێ ڕەزامەندیی توركیا و هاوكاریی ئەوان و ئەمەریكا مومكین نەبوو. بەڕێز جۆن كێری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا لە پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا پێی ڕاگەیاندم كە لەگەڵ توركیا خەریكن ڕێك بكەون بۆ ناردنی پێشمەرگە بەناو خاكی توركیادا. دوای چەندین كۆبوونەوەی دووقۆڵی و سێ قۆڵیی نێوان بەرپرسانی ئەمەریكا و توركیا و هەرێم، بە ڕەسمی ئاگادار كراین كە توركیا ڕەزامەندە و ئاسانكاری دەكات بۆ چوونی هێزی پێشمەرگە و ئەمەریكایش پشتیوانیی خۆی بۆ ئەم هەنگاوە دەربڕی. ئەم بابەتە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان باس كرا و داوا لە پارلەمانی كوردستان كرا ڕێگە بدات هێز بنێرین و پارلەمانیش ڕەزامەندی لەسەر دا. چونكە بەپێی یاسا ناردنی هێزی پێشمەرگە بۆ دەرەوەی هەرێم ڕەزامەندیی پارلەمانی كوردستانی پێویستە.
هەروەها پەیوەندیمان بە سەركردایەتیی پەیەدە كرد كە ئامادەین هێزێكی زۆری پێشمەرگە بۆ كۆبانێ بنێرین. ئەوان لە وەڵامدا گوتیان پێویستمان بە هێزی شەڕكەری پێشمەرگە نییە، بەڵكو پێویستیمان بە هێزێكی پشتیوانییە. بۆیە لەسەر داوای ئەوان بڕیار درا هێزێكی پشتیوانیی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ بنێرین.
ئەو هێزەی ئێستا بەرەو كۆبانی بەڕێ كەوتووە تەنها هێزێكی پاڵپشتی و دابینكردنی ئاگرە. داوای سەركەوتنیان بۆ دەكەم و هیوادارم بتوانن هاوكارییەكی باشی خوشك و براكانیان بكەن. هەر كاتێكیش بارودۆخی مەیدانی پێویست بكات و داوای هێزی زۆرترمان لێ بكرێت و ڕێگە هەبێت ئەوە هێزی پێشمەرگەی زیاتر بۆ پاراستنی كۆبانی و تێكشكاندنی تیرۆریستان لە ڕۆژئاوا ڕەوانە دەكەین.
بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە قارەمانەكان شانازییەكی مەزنە بتوانن لە هەر كوێ یارمەتیی شارێك یان گوندێك یان تاكێكی كوردستان بدەن. شانازیشە لە جیاتی مرۆڤایەتی شەڕی دڕندەترین ڕێكخراوی تیرۆریستی بكەن.
مەسعوود بارزانی
سەرۆكی هەرێمی كوردستان
30ـی 10ـی 2014