Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕێکخەری هاوپەیمانان: پێشمەرگە ناهێڵێ کۆبانی بکەوێ.. 25 قوتابیی بارمتەیش ئازاد کران

(جۆن ئالن) ژەنەڕاڵی خانەنشینکراوی ئەمەریکایی و ڕێکخەری هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش.

هەلێر-KDP.info-  ڕێکخەری هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش ژەنەڕاڵ(جۆن الن) دەڵێ، پێشمەرگە کە لە هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەهانای بەریگریکارە کوردەکانەوە چوون، ناهێڵن کۆبانی بە دەست ڕێکخراوی تیرۆریستانەوە بکەوێ.

چوارشەممە 29/10، (جۆن ئالن) کە ژەنەڕاڵی خانەنشینکراوی ئەمەریکاییە و ئێستا  ڕێکخەری هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعشە کە وڵاتەکەی رابەرایەتی دەکات، لە دیدارێکی تەلەڤزیۆنی ئەلعەرەبییەدا ڕایگەیاند، "پێمان وا نییە کۆبانی لە ئاستانەی کەوتنیدا بێ.. چوونی پێشمەرگە بەر بە کەوتنی دەگرێ." مەبەستی ئەو هێزەی پێشمەرگەیە لە هەرێمی کوردستانەوە، بەرەو کۆبانی کەوتوونەتە ڕێ و ئێستا کە لە نزیک سنوورن، بەپێی سەرچاوەکانی هەواڵیش، چوونیان بۆ نێو کۆبانی نزیک بووتەوە.

پێشمـەرگە بە چەکی قورسەوە کە لەسەر داوای سەرۆکی هەرێمی کوردستان(مەسعوود بارزانی)، لە شەوی سێشەممەوە و بە نێو ئاپۆڕای هەزاران لە کوردانی باکووری کوردستاندا، بەرەو شاری کۆبانیی ڕۆژاوای کوردستان ڕێ دەبڕن، ئامانج لێی بەهاناوەچوونی براکانیانە لە کۆبانی کە زیاتر لە چل ڕۆژە، قارەمانانە دژ بە هێرشەکانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش بەرگری دەکەن. بەپێی چاودێرانی سیاسی و سەربازیی نێوخۆیی و نێودەوڵەتیش وەها چاوەڕوان دەکرێ، بە گەییشتنیان بە کۆبانی، هاوسەنگیی هێز لە بەرژەوەندیی کورد بگۆڕن.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، ئێوارەی چوارشەممە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکایی ڕایگەیاند، فڕۆکە شەڕکەرەکانیان، ڕۆژی سێشەممە و چوارشەممە، پێنج پێگەی داعشیان لە نزیک کۆبانی کردوونەتە ئامانج و تێکین شکاندوون.

هەر پێوەست بەم پرسە، ڕوانگای مافەکانی مرۆڤ لە سووریا ڕایگەیاند، تیرۆریستانی داعش، 25 قوتابی کوردیان ئازاد کردوون کە لە 25-ی مانگی ڕابردووەوە ڕفاندبوویانن.
بە گوتەی ڕوانگای سووریا، ئەم ژمارەیە لە ئازادکراوانی بارمتەکراوان، دوایین ئەو کەسانەن لە کۆی ئەو 153 قوتابییەی کە پاش گەڕانەوەیان لە تاقیکردنەوەیاندا لە 29-ی مانگی ئایاردا لە حەلەبەوە بۆ کۆبانی بە بارمتە برابوون و گەڕاونەتەوە ناو کەسوکاریان.

زریان زیاد