Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

چاودێرێک: پێشمەرگە، لە كۆبانییەوە نەخشەی نوێی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەكێشێ

هەولێر  -KDP.info-ئەندامی دەستەی چاودێریی بزووتنەوەی لاوانی كورد-سووریا (گوهدەرز تەمەر) دەڵێ، چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانی لە ڕۆژئاوای كوردستان، یەكەم سوپایە پێ دەنێتە نێو ئەو بەشەی كوردستان كە دەكەوێتە خاكی سووریاوە و، ڕەزامەندیی ڕژێمی ئەو وڵاتەی وەرنەگرتبێ، ئەمە لە كاتێكدایە كە سوپای هیچ وڵاتێكی عەرەبییش ئەو هەنگاوە نەناوە.

(تەمەر) بۆ KDP.info جەختی كردەوە كە، ئەم هەنگاوە وەرچەرخانێكی گەورەیە لە قۆناخی نوێی كورددا، هاوكات كورد بۆ تەواوی جیهان سەلماندی كە، تەنیا هێزە چۆك دانادا و لە بەرانبەر بە داعشدا شكست نابات. ئەو چاودێرە سیاسی و چالاكوانە، باوەڕیشی وایە كە، پێشمەرگە لە ئاستانەی نەخشكردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نوێیە و، 28ـی ئۆكتۆبەریش دەبێ بە ڕۆژێك كە لە مێژووی كورد و ناوچەكەدا بیر ناچێتەوە.
(تەمەر) ڕوونی كردەوە، "لە سەردەمی ئیمپراتۆری میدیاكانەوە كە سوپای خۆی ناردە ئەكباتان (هەمەدان)ـی ڕۆژهەڵاتی كوردستان تا ناوەڕاست و ڕۆژئاوای كوردستان، لە تاوانكارییەكانی ئەژدیهاك ڕزگار بكات، كورد سێ قۆناخی دیكەی لەم چەشنەی تێپەڕاندوون، یەكەمیان كاتێ (سەڵاحەددینی ئەیووبی)، لە جەنگی چوارەمی خاچپەرستاندا داوای پشتیوانی لە جەزیرە و ئامەد و شنگال كرد، دووەم پەڕینەوەی بارزانییەكان بۆ سابڵاخ و پارێزگاریكردن لە كۆماری كوردستان، سێیەمیش ئەو قۆناخەیە كە دوێنێ بینیمان پێشمەرگە لە باشووری كوردستانەوە و لە ڕێی سنووری توركیاوە بەرەو ڕۆژئاوای كوردستان بەڕێ كەوتن، كە بۆ پشتیوانیی براكانیان لە یەكینەكانی پاراستنی گەل، 400كم ڕێگە دەبڕن تا دەگەنە كۆبانی و بەرگری لەو شارە كوردستانییە دەكەن دژ بە تیرۆریستانی داعش."
ئەو وەبیری هێنایەوە كە، "لە پاییزی 1963ـدا، سوپای وڵاتانی عەرەبیی وەك سووریا و میسر، هێزیان بۆ ڕژێمی شەڕانگێز و دیكتاتۆری بەعس لە عێراق نارد، تا بەرەوڕووی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول ببنەوە، بەڵام دواجار تێك شكان، ئێستایش مێژوو، تۆپەكە پێچەوانە دەكاتەوە و هێزی كوردستانی بۆ تێكشكاندنی دوژمنێك لە بەشێكی ژێر سێبەری حوكمی بەعسی سووریا، هەنگاوی ناوە."
ئەو ئەندامەی دەستەی چاودێریی بزووتنەوەی لاوانی كورد، ڕوونی كردەوە، "سوپای كوردستان، دەبێتە ئەو یەكەم سوپایە كە بێ ڕەزامەندیی ڕژێم، پێ دەنێتە ئەو بەشەی كوردستان كە هێشتا لە چوارچێوەی نەخشەی سووریادایە، ئەمەیشە كە سوپای هیچ وڵاتێكی عەرەبی نەیكردووە.. ئەم هەنگاوەی پێشمەرگە یەكیەتیی نەتەوەیی سەلماند و ڕەتكردنەوەی سنووری دەستكردە، كە (سەرۆك بارزانی) لەبارەیەوە دەڵێ، ئەوەی كە بەهای نەمابێ (سایس پیكۆ)ـیە، ئەركی زلهێزانیشە چاو بە نەخشەی ناوچەكە و هاوپەیمانەتییەكاندا بخشێننەوە."
زیاتر گوتی، "پێشمـەرگە لە كۆبانییەوە، نەخشەی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاستی نوێ دادەڕێژێتەوە و 28/10/2014ـیش، ڕۆژێكە لە مێژووی كورد و ناوچەكەدا بیر ناچێتەوە."

عیماد برهۆ – زریان زیاد