Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پۆستەكانی سلێمانی لە ڕێککەوتنەکەدا کاریگەری هەبووە.. لایەنە سیاسییەكان لەسەر پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجە رێك كەوتن

هەڵەبجە-KDP.info-   بەرپرسێكی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوانیاندا، لایەنە سیاسییەكان لەبارەی پۆستەكانی پارێزگای هەڵەبجەوە گەییشتنە رێككەوتن كە یەكێك لە پۆستە باڵاكان بە پارتیی دیموكراتی كوردستان دەدرێت.

بەرپرسی لقی 12-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە هەڵەبجە (فازڵ بەشارەتی)، بە KDP.info-ی راگەیاند، ئەمڕۆ لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان نۆیەمین كۆبوونەوەی خۆیان لەبارەی پۆستەكانی پارێزگی هەڵەبجەوە ساز كر د و تێیدا رێك كەوتن كە لە كۆی 25 كورسی، بۆ هەر پێنج لایەنە سەرەكییەكەی هەرێمی كوردستان هەریەكەیان چوار كورسییان پێ بدرێت و پێنج كورسییەكەی دیكەیش بدرێتە ئەو لایەنانەی كە كورسیی پەرلەمانیان نییە.

(بەشارەتی) گوتیشی، "لە كۆبوونەوەكەدا هەندێك كێشە هەبوون كە كورسیی كۆتا بە كێ بدرێت، بەڵام ئێمە وەكو پارتیی دیموكراتی كوردستان یەكێك لە كورسییەكانی خۆمان بە پێكهاتەی كاكەییەكان دا".

بەرپرسی لقی 12-ی پارتی زیاتر گوتی، بڕیارە پۆستی پارێزگار و جێگرەكەی بدرێت بە گۆڕان و یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان، ئەمەیش پەیوەندی بە پۆستەكانی سلێمانییەوە دەبێت كە لە نێوان هەردوو لایەندا یەكلا دەكرێنەوە و یەكێك لە پۆستە باڵاكانیش بە پارتیی دیموكراتی كوردستان دەدرێت. بەڵام (بەشارەتی) ئامادە نەبوو ناوی ئەو پۆستە بڵێت و تەنیا باسی لەوە كرد كە ئەوان پێی رازین.

(فازڵ بەشارەتی) ڕوونیشی كردەوە كە، "بڕیارە لایەنەكان بۆ سەركردایەتیی خۆیان بگەڕێنەوە و دوابڕیار بدرێت، ئێمەیش باسمان لەوە كرد كە لە هەر رێككەوتنێك لە كۆبوونەوەكەدا بكرێت بڕیارمان بە دەستە، بەڵام ئەوان رایان وابوو بۆ سەركردایەتیی خۆیان بگەڕێنەوە".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، لە ئێستادا تەنیا رێككەوتن لەسەر پۆستی بەڕێوەبەرە گشتییەكان ماوە و لە كۆبوونەوەی داهاتوودا ئەو پۆستانەیش یەكلا دەكرێنەوە و كۆتایی بە كۆبوونەوەكان دێت.
بڵند ئیبراهیم