Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

داعش ناشارەزایانە ملی بە كوردستانەوە نا.. گەر هێرشیان نەكردبایە سەر كوردستان، ئێستا لە نەجەف بوون

هەولێر-KDP.info-  فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە دەڵێت، داعش نەیتوانی ئامانجی خۆی بۆ هێرشكردنەسەر كوردستان بپێكێت. بڕوایشی وایە كە، جارێكی دیكە داعش ناتوانێت بەرانبەر بە هێزەكانی پێشمەرگە بوەستێت.

ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و فەرماندەی هێزی پێشمەرگە لە بەرەكانی جەنگ (جەمال مۆرتكە)، بۆ KDP.info گوتی، "لە سەرەتای شەڕی داعشدا، پێشمەرگە ئەزموونی لەو جۆرە شەڕانەدا نەبوو، چونكە زیاتر شەڕی پارتیزانی و سەنگەری بەرانبەر بە رژێمی پێشوو كردبوو، بەڵام ئەم شەڕە تازە بوو و تاكتیكێكی نوێی تێدا بە كار هات، بەڵام دوای چەند مانگێك لە ئازادكردنی گوێڕ و مەخموور، پێشمەرگە خۆی ڕێك خستەوە و بە تایبەت ئەو گورزەی لە زوممار پێیان كەوت، نیشانی دان كە پێشمەرگە ئەو هێزەیە كە هەموو كات ئامادەیە بەرانبەر بە دوژمن بوەستێت و كەسیش ناتوانێت بەرانبەر بە پێشمەرگە سەر كەوێت، چونكە خەبات بۆ نەتەوەیەكی ستەملێكراو دەكات".

ئەو پەرلەمانتارەی کە هاوکات فەرماندەیەکی پێشمەرگەیشە زیاتر گوتی، "لە دوای زوممارەوە، بڕوایەك دروست بووە كە داعش كۆتایی پێ هاتووە و جارێكی دیكە ناتوانن بەرانبەر بە پێشمەرگە بوەستنەوە، بەڵكە دەكەونە سەنگەری بەرگری و دەبێت ئێمە هەنگاو بنێین بۆ ئەوەی ناوچەكانی دیكە ئازاد بكرێنەوە و، گەورەترین بڕوایشمان بە هێزی پێشمەرگە هەیە كە ئەو شوێنانەی بە دەست داعشەوەن، بە ماوەیەكی كەم پاكیان دەكاتەوە".

دەربارەی ئامانجی هێرشی داعش بۆ سەر كوردستان، (مۆرتكە) باوەڕی وایە، "داعش دروستكراوی دەستی دوژمنی كوردە و لەبەر دوو هۆكاریش هێرشی كردە سەر هەرێم: یەكەم كوردستان داوای وڵاتێكی دیموكرات و ئازاد دەكات و ئازادیی بیروڕای قبووڵە و خۆشگوزەرانیی بۆ خەڵك كردووەتە ئامانج، واتە لە ناوچەكەدا فاكتەری بەهێزی چەسپاندنی دیموكراتین، بۆیە ئەوانیش نایانەوێت ئەو دەستكەوتە لە ناوچەكەدا بێتە دی. داعش لە قۆناخێكدا دروست بووە كە هەستی شۆڤێنیی عەرەبی و فیكرەیەكی مەزهەبیی سوننی بە سەریدا زاڵە، بەڵام لە ڕاستیدا دروستكراوی دەستی دوژمنە، كەواتە ئێمە دوژمنمان زۆرن و دەبێت خۆمان ڕێك بخەینەوە و گەورەترین هێز لە ناوچەكە دروست بكەین، چونكە دەبێت ڕێگە نەدەین جارێكی دیكە داعشێكی دیكە دروست ببێتەوە."
هۆکاری دووەمیش بە لای ئەو فەرماندەیەی پێشمەرگەوە، ئەوەیە كە، "داعش بۆ لێدانی هێزە ئازادیخوازەكانی عێراق هاتە ناو ئەو وڵاتەوە و، ویستوویەتی ناوچە سونییەكان كۆنتڕۆڵ بكات و بەرانبەر بە شیعە بوەستێتەوە و پشگیریی وڵاتانیش بە دەست بێنێت، سەبارەت بە هێرشی داعشیش بۆ سەر كوردستان، شتێكی چاوەڕانكراو بوو و ئەگەر ئەمڕۆیش نەبووایە، دەبوو سبەی شەڕمان بكردبایە".

(جەمال مۆرتكە) ئاماژەیشی دا كە، "ئامانجی داعش ئەوە بوو كوردستان وێران بكات و دەستكەوتەكان لەناو ببات، هەروەك چۆن (هۆلاكۆ) بە لەشكرێكەوە ویستی كوردستان داگیر بكات، بەڵام تێك شكا، (ئەبوبەكر بەغدادیی)ـیش گەورەترین هەڵەی ئەوە بوو لە سووریاوە گەڕایەوە بۆ عێراق و لە عێراقیشەوە ناشارەزایانە ملی بە كوردستانەوە نا، لە كاتێكدا ئەگەر داعش هێرشی بۆ سەر كوردستان نەكردبایە، ئێستا شەڕ لە نەجەف و كەربەلا بوو، بەڵام پێشمەرگە نەك داعشی ڕاوەستاند، بگرە لە ئاستی ناوچەكەدا تەواو بێهێزی كردوون".

سەبارەت بە ڕێكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە، (مۆرتكە) دەڵێت، "بە حوكمی ڕووداوەكانی كوردستان، حیزبەكانی كوردستان بە تایبەتی یەكێتی و پارتی، هێزی پێشمەرگەیان بۆ بەرگریكردن لە كوردستان هەبووە، ئەمڕۆیش ئەم واقیعە بە حوكمی گرفتەكانی شەڕی ناوخۆ و ململانێی حزبی، نەیتوانی بگاتە ئامانجی خۆی، بەڵام ئەم سوپایە ڕۆڵەی ئەم نیشتمانەیە و هەر ئەو كەسە بووە كە دوێنێ لە شاخ بووە، بۆیە بە تێپەڕبوونی كات دەتوانرێت شێوازێكی پەروەردەیی بۆ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە ئامادە بكرێت، چونكە هێزی ئێمە نە ترسنۆكە و نە خۆی لە بەرگریی نیشتیمان دەدزێتەوە، بەڵام لە شێوازی شەڕ و ڕاهێنانی سەربازیدا بەرانبەر شەڕە جیاوازەكان، كەمئەزموون بوو".

كارزان هەورامی