Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ئەنوەری حاجی عوسمان: چوونی هێزی (ئاگر) بۆ كۆبانی، باڵانسی هێز دەگۆڕێت.. 80%ـی ئەو شوێنانەمان لە داعش پاك كردوونەتەوە كە داگیریان كردبوون

هەولێر-KDP.info-  بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت، چوونی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ كۆبانی، باڵانسی هێز لە بەرژەوەندیی كورددا دەگۆڕێت. جەختیش دەکاتەوە کە، بە ئازادکردنی ڕێگەی سەرەكی زوممار-ڕەبیعە، كلیلی سەركەوتن كەوتە دەست پێشمەرگەوە.

بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان (ئەنوەری حاجی عوسمان)، دەربارەی گرتنەوەی زوممار و ئازادكردنی ڕێگەی سەرەكی زوممار-ڕەبیعە كە كارئاسانی بۆ ئازادكردنی شنگال دەكات، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، "ڕێگەی ڕەبیعە-زوممار شوێنێكی زۆر ستراتیژی و گرینگە بۆ بەنداوی مووسڵ و ڕێگەی سەرەكیی ناو مووسڵ و شنگالیش كە بە ئاسانی دەتوانرێت پێشمەرگە دەستی كراوە بێت لە هێرش و ئازادكردنەوەی ئەو شوێنانە، ئەمەیش وای كردووە كلیلی سەركەوتنی ئەو شوێنانە بكەوێتە دەست پێشمەرگەوە".

(ئەنوەری حاجی عوسمان) لەبارەی هاوكاریی هێزی هاوپەیمانانەوە بۆ پێشمەرگە، ئاماژەی دا، "ئەگەر هاوكاریی هێزی هاوپەیمانانیش نەبووایە، ئەوا ئێمە هەر دەبوو ئەو شەڕەمان بكردبایە، باوەڕم وایە هاوكاریی هێزی هاوپەیمانان بەردەوامی دەبێت و سەركەوتنی گەورەی هێزی پێشمەرگەیش لە داهاتوویەكی نزیكدا دەبینرێت".
گوتیشی، "ئەم وڵاتەی ئێمە لەم كاتەدا بە قۆناخێكی زۆر گرینگدا دەرباز دەبێت كە بۆ داهاتووی خۆمان وەك هێزێكی دیار و بەرچاوی ناوچەكە، جێی بایەخە. هەروەها هەفتەی جارێكیش دیدارمان لەگەڵ هاوپەیماناندا دەبێت و زۆر بە بایەخەوە باسی سەركەوتن و خۆڕاگریی هێزی پێشمەرگە دەكەن، ئەوەیش بۆ ئێمە هەموو شتێكە".

بریكاری وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەیشی خستە ڕوو كە، ئێستا 80%-ی ئەو ناوچانەی بە دەست داعشەوە بوون، لەلایەن پێشمەرگەوە ئازاد كراونەتەوە.
بە گوتەی (ئەنوەری حاجی عوسمان)، زیاتر لە گەرمیان و جەلەولا و سەعدییەوە داعش بەشێك لە خاكی كوردستانیان داگیر كردووە كە بە كۆی گشتیی سەرجەم ئەو ناوچانەی بە دەستیانەوەن، دەكاتە 20% كە لە هەردوو پارێزگای دیالە و مووسڵن، لە كاتێكدا لە پارێزگای كەركووك سەرجەم شوێنەكان بە دەست هێزی پێشمەرگەوەن و لە هیچ شوێنێكی ئەو پارێزگایە پاشەكشەمان نەكردووە".
سەبارەت بە چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانی، بریكاری وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، "چاوەڕوانی ڕەزامەندیی توركیاین و ئەو هێزەی پێشمەرگەیش لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی پێشمەرگەوە ئامادە كراون، ئەوەی كە ماوەتەوە ڕەزامەندیی چوونی ئەو هێزەیە بە وڵاتێكی دیكەدا و ئەوەیش بەپێی نەریتی نێودەوڵی پێویستی بە پرۆتۆكۆڵ و ڕەزامەندیی حكوومەتی ئەو وڵاتە هەیە".

ڕوونیشی كردەوە كە، ئەو هێزەی كە بۆ كۆبانی دەڕوات، هێزی (ئاگر)ـە، كە لە هێزی پشتیوانیی یەك و دوو پێك دێن و دیاریكردنی سەرپەرشتیاری ئەو هێزەیش دەكەوێتەوە سەر سەرۆكی هەرێمی كوردستان، کە فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگەیەشە، كە بێگومان چوونی پێشمەرگەیش بۆ كۆبانی، قورسایی شەڕەكە بە قازانجی گەلی كورد دەگۆڕێت".

كارزان هەورامی