Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەیەدە: چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانی، ورەی شەڕڤانانی بەرز كردەوە.. كۆبوونەوەكەی دهۆك، ئەنجامی باشی هەبوو

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێكی پەیەدە ئاماژە بەوە دەدات، پارتییەكەی پشگیریی چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ كۆبانی دەكات. ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە، كۆبوونەوەی لایەنەكانی ڕۆژئاوا لە دهۆك، ئەنجامی باشی هەبووە.


ئەندامی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەیەدە لە باشووری كوردستان (شێرزاد ئێزدی)، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، "كۆبوونەوەی لایەنەكانی ڕۆژئاوا لە دهۆك، ئەنجامی باشی هەبوو و ئێمە دەستخۆشی لە سەرۆكی هەرێم دەكەین بۆ ئەنجامدانی ئەم گفتوگۆیە، بە هیواین ئەم ڕێككەوتنە ببێتە هۆی چەسپاندنی یەكڕیزیی كورد نەك تەنیا لە ڕۆژئاوای كوردستان، بەڵكو لە ئاستی هەر چوار پارچەی كوردستاندا".

گوتیشی، "ئەمە دەریچەیەكە وەك هەنگاوی سەرەتایی بۆ بەستنی كۆنگرەی نەتەوەیی كورد و، پەیەدەیش ڕەزامەند و بەشێكی سەرەكی بووە لە گفتۆگۆكانی دهۆك، بۆیە پێمان وایە بە بڕواهێنان بە گفتوگۆكان و دەرئەنجامەكان، قۆناخێكی باش لە بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستان دەچێتە پێشەوە".

دەربارەی ئەو هەوڵە حزبیانەی باس لە ناردنی چەك بۆ كۆبانی دەكەن، (ئێزدی) ئاماژەی دا، "ئەو چەكانەی بۆ كۆبانی نێردراون، هیی حكوومەتی هەرێمن و ئێمەیش بە هاوكاریی هەرێمی كوردستانی دەزانین، نایشمانەوێت پشگیری لە كۆبانی ببێتە چەكێكی حزبی و ململانێی سیاسی كە لە ڕوانگەی بیری تەسكی حزبییەوە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت، ئەمە بابەتێكی ستراتیژیی نەتەوەییە و لە سەرووی كاری حزبی و سیاسییەوەیە".

دەشڵێت، "ئێمە لە دۆخێكداین كە هەردوو باشووری كوردستان و ڕۆژئاوای كوردستان بە ئەزموونێكی دیموكراتیدا تێدەپەڕن، بۆیە سەرجەم هاوكارییەكان بۆ كۆبانی، حكوومین نەك حزبی".

ئەو ئەندامەی كۆمیتەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی پەیەدە، هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو كە، ئەو دەنگۆیە ڕەت دەكەنەوە كە پەیەدە لەگەڵ چوونی پێشمەرگەدا نییە بۆ كۆبانی، چونكە كۆبانی بووەتە سیمبولی بەرخودانی نەتەوەی كورد، ئەمەیش كۆمەڵێك دەسكەوتی گرنگی مسۆگەر كردن و كوردان لە هەر چوار پارچە كەوتنە پشگیریكردنی یەكدی، كە شەڕڤانان شانبەشانی پێشمەرگە لە شنگال شەڕ دەكەن و پێشمەرگەیش لە كۆبانی شەڕی تیرۆریستانی داعش دەكەن".
گوتیشی، "پەیەدە پێی وایە لە ڕووی مەعنەوییەوە چوونی پێشمەرگە بۆ كۆبانێ زۆر گرینگە، چونكە مەرج نییە بە هەزاران پێشمەرگە بڕوات، بۆ ئێمە چوونی 10 پێشمەرگە بۆ كۆبانی، گەورەترین هەوڵە بۆ بەرزكردنەوەی مەعنەوییەتی كورد و ئەمەیش لە ساتێكی زۆر هەستیار و گرینگی وەك ئێستادا، بۆ لێكنزیكبوونەوە و یەكڕیزیی كوردان جێی بایەخە".

سەبارەت بەو بۆچوونەی كە پەیەدە ڕێگە نادات مەشقپێكراوانی كوردانی ڕۆژئاوا لە باشوورەوە بڕۆنە ڕۆژئاوا، (شێرزاد) دەڵێت، "ناردنی پێشمەرگە لە ڕێگەی ڕێككەوتنی فەرمییەوە كراوە، واتە گوتوویانە "پێشمەرگە" و لە ڕێككەوتنی دهۆكیشدا باسی ئەو بابەتە نەكراوە، بۆیە دوای جێبەجێكردنی ڕێككەوتنی دهۆك، ئەو حزبانەی دەیانەوێت بەشداریی سەربازی بكەن، لە ڕێگەی ڕێككەوتنەوە دەرفەتیان دەدرێت بچنە ڕۆژئاوا".
كارزان هەورامی