Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕێككەوتنێكی سێقۆڵی هێزەکانی عێراقی هێنایە ناوچە كوردییەكانی دیالە

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێكی پارتی لە خانەقین ڕایدەگەیەنێت، بوونی میلیشیا شیعەكان، مەترسییەكی گەورەی بۆ سەر ناوچەكان دروست كردووە. دەشڵێت، ڕێككەوتنێكی ژێربەژێری سەر ئاستی نێوخۆ و هەرێمی هەیە بۆ ئەوەی بە هەماهەنگی، سوپای عێراق بێتە ناوچە كوردییەكان لە دیالە.

بەرپرسی لقی 15ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە خانەقین (شێخ جەعفەر شێخ مستەفا)، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، "داعش هێشتا لە ناوچەكانی دیالە بە بەهێزی ماونەتەوە، جگە لە خانەقین و مەندەلی %80-ی ناوچەكانی ژێر سنووری ماددەی 140 لە ژێر دەستی داعش و تیرۆرستاندان، لە كاتێكدا ئێستا بە شێوەیەكی فراوان میلیشیا شیعەكان لە ناوچەكەدا بڵاو بوونەتەوە، میلیشیا شیعەكان هیچیان كەمتر نییە لە داعش بەرانبەر بە كورد، چونكە هەر كوردێك ببینین، حیسابی تیرۆریستانی لەگەڵ دەكەن و خەریكی دروستكردنی ئاژاوەن، سێ ڕۆژیشە بە دوای (عومەر) ناوێكدا دەگەڕێن بۆ كوشتنی، لە هەموویش مەترسیدارتر بازگەی نایاساییان داناوە بۆ كورد و ئەو كەسانەی بە دڵی ئەوان نین".

(شێخ جەعفەر) هەروەها ئەوەشی خستە ڕوو كە، سەرجەم ئەو گرووپە شیعانەی ناو پارێزگای دیالە، چەكداری حكوومەتی عێراقن و بڕیار لە (نووری مالیكی)ـیەوە وەردەگرن، فێری كردوون كە چۆن بازگە دابنێن.
گوتیشی، "بەداخەوە ڕێككەوتنێكی سیقۆڵی هەیە بۆ ئەوەی سوپای عێراق بهێنرێتە ئەو ناوچانە و شەڕ بكەن و، لە ژێر كاریگەریی ئەواندا یەكێتی ڕێگەی دا (هادی عامری) بێتە ناوچەكە".
بەرپرسی لقی 15-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان دەشڵێت، "دوو لیوا لێرە هاوبەشن، لیوای 3 و 5 و 80%-ی شەهیدەكان لە جەلەولا، بەرپرسان و ئەفسەرانی پارتیی دیموكراتی كوردستانن".

كارزان هەورامی