Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فەرماندەیی سەفین و شەڕڤانانی یەپەگە، هێرشێکی داعشیان لە تەل کۆچەر تێک شکاند

ڕۆژئاوای کوردستان-KDP.info-  سەعات 10ـی شەوی یەکشەممە لەسەر دووشەممە، تیرۆریستانی داعش هێرشیان بۆ سەر ناوچەی تەل کۆچەر بەرپا کردووە و شەڕڤانان و فەرماندیی سەفینی هێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان، بە توندی بەرپەرچیان دەدەنەوە و گورزی کوشندەیان لێ دەسرەوێنن.
بەرپرسی کردەکانی فەرماندەیی سەفین عەقید (زەکی کۆکەری) بە KDP.infoـی ڕاگەیاند، "سەعات 10ـی شەوی ڕابرد، هێزێکی تیرۆریستانی داعش لەبەری سووریاوە هێرشێکیان بۆ ناوچەی تەل کۆچەر بەرپا کرد کە شەڕڤانانی سەر پەیەدە تێیدا جێگیرن، بەڵام بە هۆی کەمێک پێشڕەویی تیرۆریستان، شەڕڤانان داوای هاوکارییان لە هێزەکانی پێشمەرگە کرد کە ئێمە وەک فەرماندەیی سەفین لە ناوچەکەین و، دەستوبرد بەهانایەنەوە چوون."
ئەو فەرماندەیەی فەرماندەیی سەفین، زیاتر گوتی، "هێزی پێشمەرگەی کوردستان، پاش داوای براکانمان لە تەل کۆچەر، تەنیا لە ماوەی نیو سەعاتدا، بە چەکی قورسەوە باهانایانەوە چووین و هێرشی تیرۆریستانمان تێک شکاند و لەو شوێنانەی کە هاتبوونە پێش وەدەرمان نان و گورزی کوشندەمان لێ وەشاندن."
عەقید (زەکی کۆکەری) گوتیشی، "خۆشبەختانە لەو بەرپەرچدانەوەیەی دوژمندا، پێشمەرگە هیچ زیانێکی گیانی نەبوو و پاش وەدەرنانی تیرۆریستانیش گەڕاینەوە شوێنەکانی خۆمان."
عەقید (زەکی کۆکەری) ئاماژەیشی دا کە، "چوونی ئێمە بۆ هاوکاریی هێزەکانی یەپەگە، لە ڕوانگای بەرپرسارەتیی ئەخلاقی و نەتەوەییمانەوە بووە و ئێمە وەها ڕاهاتووین کە، لە پێناو پارێزگاریکردن لە مرۆڤایەتی و وەستانەوە دژ بە تیرۆریستان، کە دژ بە کۆی بەهاکانی مرۆڤایەتین، لەهەر کوێیەک لە توانادا بێ و لە دەستمان بێ، هاوکار و پشتیوان دەبین و درێخی ناکەین."