Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

فڕاکسیۆنی زەرد: ئامادەیی ڤیان لە عەرەب ئایدۆڵ، بەشداریی کەسی بووە.. بە هیواین ئەو بابەتە بە ئاقارى سیاسیدا نەبرێت

ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لەسەر لیستى زەرد(ڤیان عەباس)

هەولێر -KDP.info-  سەرۆکی فڕاکسیۆنی زەرد لە پەرلەمانی کوردستان، دەڵێت، (ڤیان عەباس)ـی پەرلەمانتار بە ئەرکى پەرلەمانیی فراکسیۆنى زەرد نەچووەتە لوبنان و بەشداریکردنیشى لە بەرنامەى عەرەب ئایدۆڵ بۆ هاندانى زیاترى ئەو گەنجە کوردە بووە.. دەشڵێت، بە داخەوە کاتێک ئەم بەرنامەیە پەخش کرا بە ئاراستەیەکی سیاسیدا برا و لە زۆر کەناڵی میدیاییەوە هەواڵى ناڕاستیان لەسەر بڵاو کردەوە.

سەرۆکی فڕاکسیۆنی پارتیی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمان (ئومێد خۆشناو) بۆ kdp.info راگەیاند، "دواى ئەوەى ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لەسەر لیستى زەرد(ڤیان عەباس)، لە بەرنامەى عەرەب ئایدل بەشدارى کرد، ئەو بەڕێزە بە ئەرکێکى حیزبى و پەرلەمانى نەچووەتە ئەو وڵاتە، بەڵکو بۆ بەشداریکردن لە کۆڕ و سمینارێکى تایبەت بە رەوشى ئاوارەکان و ژن و منداڵ، چووەتە ئەو وڵاتە"، ڕوونی دەکاتەوە "(ڤیان) کە پێشتر کەسێکى راگەیاندنکار بووە و لە بواری رۆشنبیرى و راگەیاندندا کارى کردووە، ئەو ئامادەییەی لە لوبنان، هاندەر بووە تا ئەو داوەتە قبووڵ بکات و بچێتە ئەو بەرنامەیەوە، کە مەبەستی هاندانى زیاترى ئەو گەنجە کوردە بەشداربووە بووە."

(خۆشناو) گوتیشی، "راستە ئێستا کوردستان لەگەڵ تیرۆریستانى داعشدا لە شەڕدایە، بەڵام ئەوەش بە ماناى دەستبەرداربوونی کۆی بوارەکانی ژیان نییە، بوارى رۆشنبیرى و ئەدەب و وەرزشیش لە جووڵەدان و پێویستیان بە ئاوڕلێدانەوەى جیددی هەیە، بەشداریی (ڤیان عەباس)ـیش هەر لە چوارچێوەی هاندانى ئەو گەنجە کوردە بووە بە ئامانجى سەرکەوتنی."

سەرۆکی فراکسیۆنی زەرد زیاتر گوتی، "(ڤیان عەباس) لە ماوەى رابردوودا یەکێک بووە لە پەرلەمانتارە هەرە ماندووەکان کە بە بەردەوامى لە کەمپەکانى ئاوارەکان و لە بەسەرکردنەوەى پێشمەرگە و لە کۆمەککردن و کۆکردنەوەی پێداویستیی ئاوارەکاندا، یەکێک بووە لە ئەندام پەرلەمانە چالاکەکان و رۆڵى دیار و بەرچاوى هەبووە، بەڵام بە داخەوە کاتێک ئەم بەرنامەیە بڵاو دەکرێتەوە، بە ئاراستەیەکی سیاسى و بۆ مەبەستێکى سیاسى دەبینین، چونکە لە زۆر کەناڵی میدیاییەوە هەواڵى ناراستى لەسەر بڵاو دەکرێتەوە ."

وەک (خۆشناو) دەڵێ، "ئێمە لە فراکسیۆنى پارتیى دیموکراتى کوردستان، رەتى دەکەینەوە کە بە ئەرکى پەرلەمانى و بە ناوی فراکسیۆنى زەرد نەچووەتە ئەو بەرنامەیەوە، بەڵام ئەو پەرلەمانتارە بەڕێزە خۆشەویستى بۆ ئەو دونیایە هەیە کە پێى دەگوترێت دنیایى ئەدەب و هونەر، بۆیە لە روانگەى پەرۆشیى خۆى و هاندانى ئەو گەنجە، کە تازە لە سەرەتای دەرکەوتنیدایە، بەشدارى کردووە. هیواخوازین چیدیکە ئەو بابەتە بە ئاقارى سیاسیدا نەبرێت."