Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بە مەرج بووە.. 15پێشمەرگەکەی لای ڕێکخراوی بەدر ئازاد کردان

خورماتوو-KDP.info-  بەرێوبەری ئاساییشی خورماتوو ئاشکرای کرد، رێکخراوی بەدر بە مەرجی ڕادەستکردنی بکوژی دوو چەکدارەکەیان، 15پێشمەرگەیان ئازاد کردووە، باوەڕیشی وایە، بکوژی ئەندامەکانی بەدر رادەست ناکرێت.

لە چەند رۆژی رابردوودا دەمەقاڵێ لەنێوان ھێزێکی پێشمەرگە و میلیشا شیعەکاندا دروست بوو، لە ئاکامدا شەرەتەقە روویدا و نەقیبێک و پاسەوانێکی میلیشیا شیعەکان کوژرا.
(راید فارووق ئەحمەد) بۆ kdp.infoی ڕوون کردەوە، "دوای رووداوەکە، ژمارەیەک پێشمەرگە کە 15کەس بوون، لە بازگەیەکی میلیشیا شیعەکان دەستگیر کران کە ئاگایان لەو رووداوە نەبووە، دواتر رێککەوتن کرا و پێشمەرگەکان ئازاد کران و، بڕیار درا ئاساییش لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکات و، بکوژەکە رادەستی ئەوان بکەن، بەڵام بروا ناکەم رادەستیان بکەن."
بەرێوبەری ئاساییشی خورماتوو زیاتر گوتی، "ھەفتەی یەک دوو جار ئەو جۆرە کێشانە لەنێوان ھەردوو لادا روو دەدات و، میلیشیا شیعەکان حیساب بۆ ھێزی پێشمەرگە ناکەن و، لە بازگەکان ناوەستن، بۆیە ئەو جۆرە کێشانە روو دەدەن."
دەربرەی هۆکاری کێشەکانێش بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە کە، "کێشەی سەرەکی زیاتر ئەوەیە کە ئەو میلیشیا شیعانە، دزی دەکەن و تاڵانیی دەکەن و لە بازگەکانیش ناوەستن، بۆیە پێشمەرگەیش ئەمەیان لێ قبووڵ ناکات و، ئەو جۆرە کێشانە دروست دەبن، خەڵکی ناوچەکەش شاھیدی ئەو قسەیەن".
بڵند ئیبراھیم