Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سکرتێری پەرلەمان بۆ پەرلەمانی عێراق: بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی بن دەستی داعش دەدات، بەڵام هێشتا هیی ھەرێم نادات

ھەولێر-KDP.info-  سکرتێری پەرلەمانی کوردستان دەڵێت، داوایان لە شاندی پەرلەمانی عێراق کردووە، پێویستە گوشار لەسەر حکوومەتی عێراق دروست بکەن بۆئەوەی بەشەبودجەی ھەرێمی کوردستان رەوانە بکات، ئەوانیش بڕیاریان داوە کار لەسەر ئەو بابەتە بکەن.

لەسەر داوای لیژنەی دارایی پەرلەمانی کوردستان، شاندێکی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق سەردانی ھەرێمی کوردستانیان کردووە، ئەمەش بۆئەوەیە کە ھەماھەنگی لەنێوان ھەردوو پەرلەمان ھەبێت.
سکرتێری پەرلەمانی کوردستان(فەخرەددین قادر) بە kdp.infoی راگەیاند: "ئێمە وەک دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمان لەگەڵ ئەو شاندە دانیشتین و، داوامان لێیان کرد پەرلەمان گوشار لەسەر حکوومەتی عێراق دروست بکات، بۆ ئەوەی بەشەبودجەی ھەرێم رەوانە بکرێت و قەیرانی داراییی ھەرێم چارە بکرێت، ئەوانیش وڵامیان ئەرێنی بوو و گوتیان کە کار بۆ ئەو پرسە دەکەن."

سکرتێری پەرلەمانی کوردستان زیاتر گوتی، "گلەیی ئەوەیشمان کرد کە چۆن دەکرێت بەغدا مووچەی فەرمانبەرانی ئەو پارێزگایانە بدات کە لەژێر دەستەڵاتی داعشدان و، مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێم بڕدراوە، کە بە ھەزاران ئاوارەی داڵدە داون، ئەوانیش ھاوڕا بوون لەگەڵ ئێمە کە پێویستە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی بدرێت."
گوتیشی، "بڕیارە ئێمەیش سەردانی بەغدا بکەین و لەگەڵ پەرلەمان و حکوومەتی بەغدادا کۆ بینەوە، بەڵام بە ھۆی رووداوەکانی ئەم دواییەوە، سەردانەکە دواکەوتووە و ئومێد دەکەین لە ماوەیەکی نزیکدا سەردانەکە ئەنجام بدەین."

بڵند ئیبراھیم