Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

محەممەد ئەمین پێنجوێنی: رێككەوتنی دهۆک خاڵی وەرچەرخانە لە خەباتی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕیماندا.. لە بارزانی دەخوازرێ، لایەنە سەرەکییەکانی دیکەیش یەک بخات

كەسایەتیی سیاسیی نزیك لە پارتیی كرێكارانی كوردستان(محەممەد پێنجوێنی)

سلێمانی-KDP.info-   كەسایەتیی سیاسیی نزیك لە پارتیی كرێكارانی كوردستان(محەممەد پێنجوێنی) دەڵێت، ئەم یەكبوون و رێككەوتن و هەماهەنگییەی كە لە نێوان هێزەكانی رۆژئاوادا بە سەرۆكایەتیی (سەرۆك بارزانی) لە دهۆك بەڕێوە چوو (ڕێککەوتنی دهۆک)، خاڵێكی وەرچەرخانە لە خەباتی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕیی گەلی كورد لە باشوور و رۆژئاوای كوردستاندا. باوەڕیشی وایە کە، "ئەمڕۆ دەستپێشخەری لە دەستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە و (بارزانی) دەتوانێت رۆڵێكی زۆر گرینگی مێژوویی ببینێت كە لە مێژووی میللەتی كورددا بە زێڕ بنووسرێتەوە".

كەسایەتیی سیاسیی نزیك لە پارتیی كرێكارانی كوردستان (محەممەد پێنجوێنی)، بە KDP.infoـی ڕاگەیاند، "ئەو رێككەوتنەی كە لە دهۆك ڕاگەیاندرا، لەم قۆناخەدا كە گەلی كوردی پێدا تێپەڕ دەبێت و هێرشێكی گەورە لەسەر پرۆسەی سیاسیی باشوور و هەموو دۆزی كوردە لە رۆژهەڵاتی ناوین هەیە هەنگاوێكی زۆر زۆر لە جێی خۆیدایە، چونكە كورد لەگەڵ گەورەترین و مەترسیدارترین دڕندە دەجەنگێت كە نزیكەی 2هەزار كم هەر لە خانەقینەوە تا كۆبانی رووبەڕووی تیرۆریستانی داعش وەستاوە".

دەشڵێت، "ئەم یەكبوون و رێككەوتن و هەماهەنگییەی كە لە نێوان هێزەكانی رۆژئاوادا بە سەرۆكایەتیی جەنابی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) لە دهۆك بەڕێوە چوو، بە لای منەوە خاڵێكی وەرچەرخانە لە خەباتی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕیی گەلی كورد لە باشوور و رۆژئاوای كوردستاندا".

ئەو كەسایەتییە سیاسییەی نزیك لە پارتیی كرێكارانی كوردستان ئاماژەیشی دا، "رۆڵی جەنابی (سەرۆك بارزانی)، وەك پێشمەرگە و سەركردە و كەسایەتییەكی گەورەی ئەمڕۆی سەر شانۆی سیاسیی كوردستان هەنگاوێكی زۆر زۆر لە جێی خۆیدایە، هیوادارم (سەرۆك بارزانی) هەوڵی زیاتر بخاتە گەڕ بۆ ئەوەی ئەو ناكۆكی و جیاوازیانەی كە لە نێوان هێزەكانی دیكەی كوردستاندا هەن، نەمێنن و هەموویان یەك بخات".
گوتیشی، "قۆناخە مێژووییەكە بەسەرماندا فەرزی كردووە كە دەبێت كورد یەك بین، ئەگەر یەك نەبین، دووژمن زەفەرمان پێ دەبات، ئەوەیش لەم بەرگرییەی كە لە باشوور و رۆژئاوادا هەیە دەركەوت، كە چۆن خەڵكی كوردستان و پێشمەرگە و میللەتی كورد بەرانبەر بە دوژمن وەستاونەتەوە، بۆیە پێویستە جەنابی (سەرۆك بارزانی) هەوڵی زیاتر بخاتە گەڕ لە پێناو نزیكبوونەوەی هێزەكاندا، بە تایبەتی هێزە گەورەكانی وەكو پارتیی دیموكراتی كوردستان، پارتیی كرێكارانی كوردستان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان و پارتیی یەكێتیی دیموكراتی لە رۆژئاوا و حیزبی دیموكراتی ئێران و ئەو هێزانەی كە ناكۆكیی سیاسییان هەیە".

(محەممەد پێنجوێنی) لەسەر ئەو باوەڕەیشە كە، "دەبێت هەموو لایەنە سیاسییە كوردییەكان تێگەییشتنیان بۆ قۆناخەكە هەبێت و لە نێوان خۆیاندا سازش بكەن و گوێ لە یەكدی بگرن، باشترین خزمەتیش كە ئێمە لەم قۆناخەدا بە مێژووی شۆڕشگێڕی و بزاڤی نەتەوەیی بكەین، گفتوگۆ و لەیەكتێگەییشتنە، بێگومان دەبێت ئەو هێزانەیش رۆڵیان هەبێت و یەكدی قبووڵ بكەن، ئەگەر ئەو هەنگاوە نەنرێت، دوژمن زەفەرمان پێ دەبات، بۆیەیش دەڵێم ڕۆڵی (سەرۆك بارزانی) زۆر گرینگە، چونكە ئەمڕۆ دەستپێشخەری لە دەستی سەرۆكی هەرێمی كوردستانە و (بارزانی) دەتوانێت رۆڵێكی زۆر گرینگی مێژوویی ببینێت كە لە مێژووی میللەتی كورددا بە زێڕ بنووسرێتەوە".
بە گوتەی (پێنجوێنی) "پێویستە ئەو هەوڵەی سەرۆكی هەرێمی كوردستان كە لەگەڵ لایەنەكانی رۆژئاوای كوردستاندا بینیمان، بۆ هەموو لایەنەكانی دیكەی كوردستانیش هەبێت و قۆناخ بە قۆناخ پەیوەندیی نێوان لایەنەكان پتەوتر بكرێت بۆ ئەوەی لێكتێگەییشتن و رێككەوتن لە نێوانیاندا دروست ببێت".