Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پێشمەرگە لە ڕێگەی سەرەكیی مووسڵ نزیك بوونەوە.. داعش لە پاشەكشەدایە

هەولێر-KDP.info-  گوتەبێژی هێزی زێرەڤانی، ئاماژە بە پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە لە بەنداوی مووسڵدا دەكات و، ئەوەیش دەخاتە ڕوو كە سەركەوتنی گەورە تۆمار كراوە و پێشمەرگە لە ڕێگەی سەرەكیی مووسڵ نزیك بوونەتەوە.

گوتەبێژی هێزی زێرەڤانی (د. ئازاد حەوێزی)، لە لێدوانێكدا بۆ KDP.info گوتی، "داعش ویستیان بە نەخشەیەكی سەربازی لە هەموو بەنداوی مووسڵ، لە مەفرەقی زووممارەوە تا دێتە هەموو ئەو سنوورانەی پێشمەرگەی لێیە، پێشڕەوی بكەن و لە سەعاتی سفر و كەشوهەوای باراناویی سوودیان وەرگرت كە بە چەكی قورس لە هێزی پێشمەرگەیان دا، بەڵام خۆشبەختانە پێشمەرگە قارەمانەكان توانییان لە هەموو سەنگەرەكانەوە وەڵامیان بدەنەوە و تێكیان بشكێنن".

(حەوێزی) گوتیشی، "بەنداوی مووسڵ كە شوێنێكی ستراتیژییە، ویستیان دەستی بەسەردا بگرن و شەش سەعات شەڕ بەردەوام بوو كە وێڕای ئەوەی نەیانتوانی هێزی پێشمەرگە پاشەكشە پێ بكەن، چەندین گوندی دیكەیش كەوتنە دەست هێزی پێشمەرگە و پێشمەرگە لە پێشڕەوی بەردەوامن".
دەشڵێت، "داعش دەیان لاشەیان لە سنوورەكان جێ هێشتوون و چەكێكی زۆری تیرۆریستانیش كەوتوونەتە دەست پێشمەرگە".
ئەوەیشی خستە ڕوو كە، "بە هیچ شێوەیەك، لە هیچ محوەرێك پێشمەرگە پاشەكشەی نەكردووە و ئێستا ئێمە لە شوێنێكین كە تا ئێستا پێشمەرگەی لێ نەبووە و لە شەقامی سەرەكیی مووسڵەوە زۆر نزیكە".
گوتەبێژی هێزی زێرەڤانی ئاماژەیشی دا، "ورەی پێشمەرگە زۆر بەرزە، چونكە لە تاكتیكی شەڕی داعش تێگەییشتوون و ئێستا داعش تاكتیكیان گۆڕیوە و دەیانەوێت بە شەوان هێرش بكەن، بەڵام پێشمەرگە ئازایانە وەڵامیان دەدەنەوە و ئەو پیلانەیش سەری نەگرتووە".

كارزان هەورامی