Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە ترسان چەك فڕێ دەدەن و هەڵدێن.. لە سێ ڕۆژی ڕابرد، 205 تیرۆریست بە دەستی پێـشمەرگە کوژراون

مووسڵ-KDP.info-  تیرۆریستانی داعش لە یەكێك لە شارۆچكەكانی مووسڵ، چەندان چەكداری خۆیان گولـلەباران كردن و لە ترسی كوژران و شكستەكانیشیان لە بەرانبەر هێزی پێشمەرگەدا، چەكدارانیان چەكەكانیان فڕێ دەدەن و هەڵدێن.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14ـی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی)، بە KDP. info ـی ڕاگەیاند، تیرۆریستانی داعش لە قەزای بەعاجی رۆژئاوای مووسڵ، چەكەكانیان فڕێ دەدەن و ئەمەیش لە ترسی ئەو شكستە یەك لە دوای یەكانەیە كە لە رووبەڕووبوونەوەی هێزەكانی پێشمەرگەدا تووشی دەبن و، رۆژانە بە چاوی خۆیان كوژراوێكی زۆریان لە کۆی میحوەرەكان دەبینن، بۆیە ئەمڕۆ داعش شەش چەكداری خۆی كە نەیانتوانیوە هەڵبێن، گولـلەباران كردن و لە ناو شاری مووسڵیش 3ـی دیكەیشیان بە هەمان شێوە گولـلەباران كردوون.
(مەموزینی) گوتیشی، بە گشتی خەڵك لە مووسڵ لەو چەكدارە تیرۆریستانەی داعش بێزار بوون، چونكە پارە لە خەڵك دەستێنن و كەلوپەلیان دەبەن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی كە گرانی رووی لەو شارە كردووە.

ئەو زیاتر ڕوونی كردەوە، چەكدارانی داعش لە سێ رۆژی رابردوودا لە کۆی میحوەرەكان، 205 چەكداریان بە دەستی هێزەكانی پێشمەرگە كوژراون.
(سەعید مەموزینی) ئاماژەی بە شكستەكانی داعش لە بەنداوی مووسڵ دا و گوتی، تەنیا دوێنی لە هێرشێكیان لە نزیك بەنداوی مووسڵدا، 26 چەكداریان لەلایەن هێزەكانی پێشمەرگەوە كوژراون كە چەندان گەورەبەرپرس و دوو ئەمیریان تێدایە.

نەشوان بەرزنجی