Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پەرلەمانی عێراق بە فەرمی داوا لە حكوومەت دەكات بودجە رەوانە بكات

بەغدا-KDP.info- ئەندامێكی لیژنەی داراییی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، تاوەكو ئێستا هیچ باسێك سەبارەت بە رەوانەكردنی بودجە بۆ پەرلەمان نییە، پەرلەمانیش بە نووسراوێكی فەرمی داوای لە حكومەت كردووە لە ناردنی بودجەدا پەلە بكەن.

ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق (نەجیبە نەجیب)، بە KDP.info-ی راگەیاند، تاوەكو ئێستا هیچ وادەیەك بۆ ناردنی پڕۆژەیاسای بودجەی 2014 بۆ پەرلەمانی عێراق دیاری نەكراوە و كاتەكەشی زۆر دوا كەوتووە، بۆیە پەرلەمان بە نووسراوێكی فەرمی داوای لە ئەنجوومەنی وەزیران كردووە، پەلە لەناردنی بودجەدا بۆ پەرلەمان بكەن بۆ ئەوەی پەسەند بكرێت.

(نەجیبە) گوتیشی، ئەگەر حكوومەت بودجە رەوانە نەكات، دانیشتنێكی تایبەت ساز دەدرێت، بۆ ئەوەی هۆكاری دواكەوتنەكە ڕوون بكرێتەوە.
ئەو هەروەها زیاتر گوتی، لە ئێستادا هیچ كۆبوونەوەیەك ئەنجام نادەن تا ناوەڕاستی هەفتەی داهاتوو.

ئەندامەكەی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەیشی دا، دیار نییە تا كۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمان بودجە رەوانە دەكرێت یاخود نا، چونكە لە ئێستادا بودجەكە لە ئەنجوومەنی وەزیرانە و پێویستە لەوێ تەواو بكرێت ئەو كات رەوانەی پەرلەمان دەكرێت.

ئەمەیش لە كاتێكدایە، دەنگۆی ئەوە بڵاو كراوەتەوە كە ئەمڕۆ پڕۆژەیاسای بودجە بە مەبەستی پەسەندكردنی رەوانەی پەرلەمان دەكرێت.
بڵند ئیبراهیم