Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لقی 17ـی پارتی شەهیدبوونی فەرماندە و پێشمەرگە (شێخ خێری مراد شێخ خدر) و برازاكەی ڕاگەیاند

شنگال-KDP.info-  لقی حەڤدەی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، شەهیدبوونی فەرماندە و پێشمەرگەی قارەمان (شێخ خێری مراد شێخ خدر) و برازاكەی (خەلەف ئیبراهیم شێخ خدر)ـی لە بەرگرییەكی قارەمانانە لە دژی هێرشی تیرۆریستانی داعش لە چیای شنگال ڕاگەیاند.

دەقی بەیاننامەی لقی حەڤدەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی شەهیدبوونی فەرماندە و پێشمەرگەی قارەمان شێخ خێری مراد شێخ خدر، کە بۆ KDP.info نێردراوە:
هەر لە سەرەتای پەلاماری داعش بۆ سەر شنگال و كوردستان هێزی قارەمانی پێشمەرگە، بە ڕۆح و بە گیان بەرگرییەكی قارەمانانەی كردووە و دەیان فەرماندە و پێشمەرگەی قارەمان خوێنی خۆیان بە كورد و كوردستان بەخشیوە. بە داخێكی زۆرەوە ئەمڕۆ چوارشەممە فەرماندە و پێشمەرگەی قارەمان شێخ خێری مراد شێخ خدر و برازاكەی خەلەف ئیبراهیم شێخ خدر لە بەرگرییەكی قارەمانانە لە دژی هێرشی تیرۆریستانی داعش لە چیای شنگال شەهید بوون.
شەهید شێخ خێری و بنەماڵەی شێخ خدر خاوەن پێگەیەكی زۆر بەرزی كۆمەڵایەتیی دەڤەری شنگال بوونە و جێگەی ڕێز و تەقدیری خەڵكی ناوچەكە و كوردانی ئێزدین. شەهید شێخ خێری كادیرێكی دڵسۆزی پارتی و شوێنكەوتووی ڕێبازی بارزانی بوو و بە ئەمری جەنابی سەرۆك بارزانی ئەركی فەرماندەیی میحوەری سكێنیێی پێڕاسپێردا. لە دوای پەلاماری تیرۆریستان بۆ سەر شنگال، شەهید خێری لە پاراستنی چیای شنگال ڕۆڵێكی قارەمانانەی بینی و بەشداری چەندین داستانی بەرگریكردن لە چیای شنگال بوو. شەهیدی قارەمان شێخ خێری و بنەماڵەكەیان هەر لە سەردەمی ڕژێمی پێشوو هەتا ئێستا قوربانییەكی زۆریان داوە و لە سەنگەری بەرگریكردن لە كەرامەت و شەرەفی نەتەوەیی بوونە. شەهید خێری هەتا دوایین چركە لە ژیانیدا مەردانە و سەربەرزانە ژییا و گیانی خۆی فیدای بەرگریكردن لە خاكی نیشتیمان و چیای سەركەشی شنگال كرد.
بەم بۆنەیەوە سەرەخۆشیی خۆمان بە جەنابی سەرۆك بارزانی و خەڵكی كوردستان و بنەماڵەی شەهید خێری و خەڵكی خۆڕاگری دەڤەری شنگال ڕادەگەیێنین.
خەڵكی خۆڕاگری شنگالیش لەوە دڵنیا دەكەینەوە كە بە گیانفیدایی و خۆڕاگری پێشمەرگە و خەڵكی بەشەرەفی شنگال تیرۆریستان و داگیركاران لە شنگال تێكدەشكێندرێن.
هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهید خێری و شەهیدانی ڕێگەی ئازادیی كورد و كوردستان
سڵاو لە خۆڕاگریی و قارەمانێتی ئەو پێشمەرگانەی لە سەنگەری بەرگریكردنن لە چیای شنگال
بژی كورد بژی كوردستان
نەمری بۆ شەهیدانی ڕێگەی ئازادی
لقی حەڤدەی پارتی دیموكراتی كوردستان
22-10-2014