Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆك بارزانی: ڕێككەوتنی سەركردایەتیی تەڤدەم و ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد، دەستپێكی سەركەوتنی گەلی كوردە لە ڕۆژئاوای كوردستان

دهۆک-KDP.info-  ئەمڕۆ چوارشەممە 22ـی 10ـی 2014 لە شاری دهۆك بە ئامادەبوون و سەرپەرشتیی (مەسعوود بارزانی) سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە هەنگاوێكی مێژوویی و چارەنووسسازدا، ڕێككەوتنی دهۆك لەنێوان سەركردایەتیی تەڤدەم و ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كوردی لە ڕۆژئاوای كوردستان واژۆ كرا.

دوای ئەوەی لەسەر بانگهێشتی (سەرۆك بارزانی) لەپێناو كۆتایهێنان بە ناكۆكییەكان و گەییشتن بە ڕێككەوتنێكی هاوبەش لایەنە سیاسییە كوردییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان، كە لە سەركردایەتیی تەڤدەم و ئەنجوومەنی نیشتیمانیی كورد پێك هاتووە و لە شاری دهۆك و بە ئامادەبوونی (سەرۆك بارزانی) كۆ بوونەوە، ماوەی نۆ ڕۆژە دانوستان لە نێوان لایەنە كوردییەكانی ڕۆژئاوای كوردستان بەردەوامە و سەرەنجام گەییشتنە ڕێككەوتن و، ئەمڕۆ چوارشەممەیش 22ـی 10ـی 2014 لە شاری دهۆك بە ئامادەبوون و سەرپەرشتیی سەرۆكی هەرێمی كوردستان (مەسعوود بارزانی) ڕێككەوتنەكە واژۆ كرا.
لە مەراسیمی واژۆكردنی ڕێككەوتننامەی دهۆك (سەرۆك بارزانی) گوتەیەكی پێشكەش كرد و ئەم ڕۆژەی بە ڕۆژێكی مێژوویی و پیرۆز وەسف كرد.
(سەرۆك بارزانی) ئاماژەیشی دا كە ئەم ڕێككەوتنە دەستپێكی سەركەوتنی گەلی كوردە لە ڕۆژئاوای كوردستان و بەم بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە گەلی كوردستان و تێكڕای لایەنە سیاسییەكانی كوردستان و هەروەها هاووڵاتیانی ڕۆژئاوای كوردستان كرد و دەستخۆشیشی لە لایەنە سیاسییەكانی كوردی ڕۆژئاوا كرد و هیوای ئەوەیشی خواست كە ئەم ڕێككەوتنە بە زووترین كات جێبەجێ بكرێت.
(سەرۆك بارزانی) جەختی لەوەش كردەوە كە هەرێمی كوردستان ئەوەی لە دەستی بێت بۆ پاڵپشتیكردنی ڕۆژئاوا دەیكات و ئاماژەیشی بە خۆڕاگری و قارەمانەتیی كۆبانی دا و سڵاو و دروودی خۆی بۆ كۆبانیی قارەمان نارد. لە درێژەی قسەكانیدا (بارزانی) ئەوەی خستەڕوو كە سەركەوتنی كورد لە هەر شوێنێك سەركەوتنی گەلی كوردە.
(سەرۆك بارزانی) یەكڕیزیی نێوان لایەنە كوردییەكانی بەرز نرخاند و هێمای بەوەدا كە "جێگەی سەرفیرازییە لەو كاتەی كە دوژمنان دەیانەوێ وەزعی گەلی كوردستان تێك بدەن هێزە كوردییەكان بەرەو یەكڕیزی و یەكبوون و هاوكاری بچن. وەڵامی ڕاست و دروست بۆ دوژمنان ئەوەیە كە هەموومان بەیەكەوە بین."