Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دیندار زێباری: پێویستە بودجەیەكی تایبەت بۆ هاوكاریی ئاوارەكان لە لایەن بەغداوە تەرخان بكرێت

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، جەختی لە پێویستیی بوونی هەماهەنگیی كارا لە نێوان بەغدا و هەولێردا بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان كرد و رایگەیاند، پێویستە بودجەیەكی تایبەت بۆ هاوكاریی ئاوارەكان لە لایەن بەغداوە تەرخان بكرێت و حكوومەتی عێراق ئەركی خۆی بەرانبەر ئەم كارەساتە مرۆییە جێبەجێ بكات.

شاندێكی رێكخراوی نێودەولًەتی بۆ پەنابەران IOM لە عێراق و هەرێم، بە مەبەستی چۆنیەتیی یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران، سەردانی جێگری بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەكانی دەرەوە (د. دیندار زێباری) كرد. شاندەكە لە بەرپرسی ئۆفیسی رێكخراوی نێودەولًَەتی بۆ پەنابەران لە عێراق (د. تۆماس واسی) و بەرپرسی ئۆفیسی هەولێری رێكخراوی نێودەولًَەتی بۆ پەنابەران (لادۆ گیڤالا) پێك هاتبوو، كە ناساندنی بەرپرسی نوێی ئۆفیسی عێراق ئامانجێكی دیكەی سەردانەكە بوو.

شاندەكە پێداگری لەسەر دۆزینەوەی شێوازی گونجاو بۆ باشتر یارمەتیدانی ئاوارە و پەنابەران و دابینكردنی پێداویستییەكانیان و  كەمكردنەوەی ئێش و ئازاریان كرد كە پێویستە هەماهەنگییەكی تەواو نێوان لایەنە پەیوەندیدارەكانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتیدا بۆ ئەم مەبەستە هەبێت.
(دیندار زێباری) باسی لە پێویستیی بوونی هەماهەنگیی كارا لە نێوان بەغدا و هەولێر بۆ یارمەتیدانی ئاوارەكان كرد و رایگەیاند، پێویستە بودجەیەكی تایبەت بۆ هاوكاریی ئاوارەكان لە لایەن بەغداوە تەرخان بكرێت و حكوومەتی فیدراڵی عێراق ئەركی خۆی بەرانبەر ئەم كارەساتە مرۆییە جێبەجێ بكات.
بەپێی ئاماری رێكخراوی نێودەوڵەتی بۆ پەنابەران IOM، رێژەی ئاوارەكان لە ماوەی 10 مانگی یەكەمی ئەمساڵدا گەییشتووە 1.8 ملیۆن ئاوارە كە زۆربەی هەرە زۆریان روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە.
سەبارەت بە ئاوارەكانی پارێزگای هەولێریش، رایانگەیاند كە 86%ـی خێزانەكان لە مانگی حوزەیرانەوە ئاوارە بوونە كە 17% بە هۆی كەمی خۆراكەوە دەناڵێنن و 67% پێویستیان بە پێداویستیی سەرەكی ژیان هەیە و 30%ـیش لە كەمپەكانی گواستنەوە، قوتابخانە و بینای ناتەواو و شوێنی ئایینیدا نیشتەجێ بوونە. شاندەكە هەروەها باسی لەوەی كرد كە، لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا 4100 خێزانی ئاوارەیان خستووە ژێر چاودێرییەوە كە زۆربەیان لە پارێزگای سەڵاحەددین، بە تایبەتی شاری سامەڕاوە ئاوارە بوونە.
چۆنیەتیی بەرەنگاربوونەوەی داعش، تەوەرێكی دیكەی كۆمبوونەوەكە بوو و (زێباری) بۆ نەهێشتنی مەترسیی داعش، پێداگری لەسەر پێویستیی گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی و سیاسی كرد كە پێویستە زەمینەی گەشەكردنی داعش لەناو ببرێت.