Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بارزانی: پارتی و ئێزدی، پارتی و شنگال لێک جوودا نابنەوە.. شەڕم لەسەر دیاریکردنی ناسنامەی ئایینیی ئێزدی کردووە

دیداری سەرۆک بارزانی لەگەڵ كادیرانى كوردى ئێزدى له‌ دهۆك.

دهۆک-KDP.info-  لە دیدارێکیدا لەگەڵ كادیرانى كوردى ئێزدى له‌ دهۆك (سەرۆک بارزانی) جەختی کردەوە کە، "پارتی و ئێزدی لێک جوودا نابنەوە و پارتی و شنگالیش لێک جوودا نابنەوە"، وەبیریشی هێنایەوە کە، لە سەردەمی نووسینەوەی دەستتوری عێراقدا، شەڕی لەسەر دیاریکردنی ئایینیی ئێزدی کردووە. دووپاتیشی کردەوە کە، خوا دەرفەت بدات، خەڵکی شنگال بە سەربڵندی دەگەڕێنینەوە ناوچەکانیان.


(سەرۆک بارزانی) بە کادیرە پارتییە ئێزدییەکانی ڕاگەیاند، کارەساتێکی گەورە بەسەر گەلی ئێمەدا هاتووە، هەڵبەت ئەمە بەردەوامیی کارەساتەکانی هاوشێوەی ئەنفالە بەسەر گەلی کورددا.. گوتیشی "بۆ مێژوویەکی دوور ناگەڕێینەوە، بەڵکە بیرتان بۆ ساڵی 1975 بە دواوە دەبەمەوە، 12هەزار لە برایانی فەیلی هێشتا بێسەروشوێنن، 4500گوندی هەرێمی کوردستان وێران کران، خەڵکەکەی بۆ ئۆردوگا زۆرەملێکان ڕاگوێزتران، کە ئامانجیان بووە ئەو میللەتە نەهێڵن، 8هەزار بارزانی بران و بێسەروشوێن کران، پڕۆسەی ئەنفال لە خانەقینەوە تا زاخۆ بەرپا کرا، 180هەزار هاووڵاتی کوردستانیان ئەنفال کردن کە موسوڵمان، مەسیحی و ئێزدیشیان تێدا بوون، لەو هەموو ئەو ژمارەیەیش، دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق و هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان هێشتا توانیومانە سێ تا چوار هەزار تەرم هەڵبدەینەوە و بیانگەڕێنینەوە. ئەوانی دی هێشتا لەو بیابانانەی عێراق ونن."

ئامانجی داعش لەنێوبردنی گەلی کوردە
دەربارەی ڕێکخراوی تیرۆریستانی دەوڵەتی ئیسلامی ناسراو بە داعشیش، (سەرۆک بارزانی) ڕایەگەیاند، "بۆ هەمووان ڕوون بووەوە کە، ڕێکخراوێکی تیرۆریستییە، بەڵام بە ئیمکانیاتی دوو دەوڵەتەوە، ئامانجی کۆتاییشیان لەنێوبردنی گەلی کوردە، هەڵبەت ئەوەی بەم دواییانە داعش کردی، بەردەومیی هەمان ئەو سیاسەتانەیە کە بەسەر گەلی کورددا هێنراوە، زۆر هەوڵماندا خەڵك تێبەگەیەنین کە ئێمە گەلێک نین، بە دوای تۆڵەوە بین و تۆڵە بکەینەوە."
دواتر هەڵوەستەی لەسەر ڕاپەڕینی ساڵی 1991 کرد و ڕایگەیاند، "لە ڕاپەڕیندا دوو فەیلەقی سوپای عێراقی ئەوکات، کە کوردستانیان وێران کردبوو، ئەنفالیان ئەنجام دابوو و هەڵەبجەیان کیمیاباران کرد، کەوتنە دەست پێشمەرگە و جەماوەری کورد، بەڵام سەرباری ئەو تاوانە گەورە و نامرۆڤانانەیان، کە بنەماڵە هەبووە سێ و چوار لە ڕۆڵەکانیان بۆ ئەم خاکە کردبووە قوربانی، ئەوانیان حەواندەوە و ئازادیشیان کردن."

لە هەموو میللەتانی دنیا ئازادیخوازترین
زیاتر گوتی، "باسی ئاشتەوایی نیشتیمانی و باشووری ئەفریکا دەکرێت، ڕێزمان هەیە بۆ باشووری ئەفریکا و سەرکردەکەی، بەڵام بڕاوا بکەن ئەوەی ئێمە کردوومانە لە هیی ئەوان مەزنتر بووە. بەڵام بەو هۆیەوەی کە میللەتێکی بێخاوەنین، شتە باشەکانیشمان نەک ناو نابرێن دەشسڕێنەوە.. دەیڵێمەوە، ئەوەی میللەتی کورد کردوویەتی، پێم وا نییە هیچ میللەتی دی لە دنیادا کردبێتی."
(بارزانی) جاریکی دی پرسی داعشی خستەوە بەر باس و گوتی، "داعش ددان بە هیچ نەتەوەیەکدا نانێت، بە تایبەت کورد، دەیانەوێ کوردستان نەهێڵن."

لە هەر کەسێک، هەر ئێزدییەک دڵی من پڕ ئازارترە
لەو لێدوانەیدا کە بۆ کادیرانی کوردی ئێزدی بوو، دۆخی شنگالی هێنایە بەر باس و ڕایگەیاند، "زیاتر لە هەزار پێـشمەرگە لە چیای شنگالن، خوا دەرفەت بدات، خەڵکی شنگال بە سەربڵندی دەگەڕێنینەوە شنگال، ڕاستە کە دۆخ و بارێکی ناخۆشە، بەڵام بڕوا بکەن کە بەر لە هەر کەسێک، هەر ئێزدییەک دڵی من پڕ ئازارترە. بەڵام ئەمە یەکێک لەو کارەساتانەیە کە بەسەر ئێمەدا هاتووە و بەردەوامیی ئەو کارەساتانەیە کە وەک میللەت بەسەرداماندا هاتوون."

بۆ دیاریکردنی ناسنامەی ئایینیی ئێزدی، شەڕم کردووە
دەربارەی ناسنامەی ئێزدییەکانیش ڕوونی کردەوە، "هیوام وایە کە، ئەو دۆخەی پێشتر بۆ ئێزدییەکان خوڵقابوو، بگۆڕدرێ تا ئازادبوونە لە ئایین و بیر و باوەڕی خۆیان.. لە یەکەم دەرفەتتدا لە سەردەمی ئەنجوومەنی حوکمدا، بە (پۆل بریمر)-م گوت، ئێمە دەمانەوێ مێژوویەک بگۆڕین، چونکە هیچ دەروویەک لەبەردەم ئەوانەدا کراوە نەبووە، ئەوان لە خەڵکی دی کەمتر نین، ئەویش جوامێرانە داخوازیی ئێمەی وەرگرت و لە دەستووری عێراقیشدا شەڕمان لەسەر ئازادیی ئایینی ئێزدییەکان کرد، تا وەک موسوڵمان و مەسیحییەکان ئازاد بن.. لە کوردستانیشدا هەوڵمان دا کەسایەتی بۆ تاکی ئێزدی بگەڕێتەوە تا وەها هەست نەکەن کە ئەوان جیاوازن.. دەیڵێمەوە کە ڕەسەنترین کورد، ئێزدین، پارچەی سەرەکی لە کوردستاندا ئێزدییەکانن، نابێ هەست بە کەموکوڕی لایان دروست ببێ، ئەگەر هەیشبووبێ نابێ بمێنێ."
لە کۆتایی لێدوانەکەیشیدا دووپاتی کردەوە، "پارتی و ئێزدی لێک جوودا نابنەوە و پارتی و شنگالیش لێک جوودا نابنەوە."

KDP.info