Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مووسڵ.. داعش 75 كوژراو و 200 برینداریان هەیە.. هێزەكانی پێشمەرگە گوندێكی دیكەیشیان لە تیرۆریستان پاك كردەوە

مووسڵ-تایبەت بە KDP.info- دوای ئەوەی چەكدارانی تیرۆریستی داعش بەرەبەیانیی ئەمڕۆ لە زۆربەی میحوەرەكانەوە هێرشیان كرد، هێزەكانی پێشمەرگە بە توندی وەڵامیان دانەوە و كوژراو و بریندارێكی زۆری تیرۆریستان ئەمڕۆ گەیەنراونەتە نەخۆشخانەكانی ناوشاری مووسڵ و لە بەنداوی مووسڵیش هێزی پێشمەرگە گوندێكی دیكەیان ئازاد كرد.

بەرپرسی ڕاگەیاندنی لقی 14-ی پارتیی دیموكراتی كوردستان لە مووسڵ (سەعید مەموزینی)، بە kdp.info-ی ڕاگەیاند، لە شەڕی ئەمڕۆدا لە تەواوی میحوەرەكان، هێزەكانی پێشمەرگە زەبرێكی كوشندەیان لە چەكدارانی تیرۆریستی داعش دا و 75 كوژراو و 200 برینداریان هەیە كە ئەمڕۆ گەیەنراونەتە نەخۆشخانەكانی ناوشاری مووسڵ.

(مەموزینی) گوتیشی، هەر ئەمڕۆ دوای ئەوەی هێزەكانی پێشمەرگە شكستیان بە هێرشەكانی چەكدارانی تیرۆستی داعش برد، لە بەنداوی مووسڵ گوندی عومەركوبایان لە چەكدارانی تیرۆریستی داعش پاك كردەوە.
ئەو هەروەها زیاتر گوتی، لە ناحیەی باشیكیش هێزەكانی پێشمەرگە توانییان شوێنی قەنناسبەدەستەكەی داعش بدۆزنەوە و پاشانیش بۆردوومانی ئەو شوێنەیان كرد، بۆیە تیرۆریستانی داعش تووشی شكست بوون و پاشەكشەیان كرد.
نەشوان بەرزنجی