Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لە تلسقۆف و باتما پەنجا چەكداری داعش بە بۆردوومانی هێزی پێشمەرگە كوژران.. زەبری گورچكبڕ لە تیرۆریستان درا

تلسقۆف-KDP.info- فەرماندەیەكی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری تلسقۆف دەڵێت، ئەمڕۆ چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر هێزی پێشمەرگە، بەڵام تۆپخانەكانی هێزی پێشمەرگە بە توندی وەڵامیان دانەوە و لە ئاكامدا پەنجا تیرۆریستی داعش كوژران.

فەرماندەی فەرماندەیی سپیلك لیوا (عەبدولڕەحمان كەورینی)، بە kdp.info-ی راگەیاند، ئەمڕۆ لە هەردوو ناوچەی تلسقۆف و باتما چەكدارانی داعش هێرشیان كردە سەر هێزی پێشمەرگە، بەڵام تۆپخانەكانی هێزی پێشتوانیی یەك، بە توندی بۆردوومانیان كردن و هێرشەكەیان تێك شكاند و تیرۆریستان نەیانتوانی پێشڕەوی بكەن.

(كەورینی) گوتیشی، "هێزی پێشمەرگە گورزێكی كوشندەیان لە داعش وەشاندووە و زانیاریمان بۆ هاتووە كە داعش پەنجا تەرمی چەكدارانی خۆیان بۆ نەخۆشخانەی تلكێف گواستوونەتەوە، كە بە هۆی بۆردوومانی هێزی پێشمەرگەوە كوژراون".

ئەو هەروەها زیاتر گوتی، ئێستا بارودۆخەكە ئارام بووەتەوە و فڕۆكە جەنگییەكانیش مۆڵگەكانی داعش بۆردوومان دەكەن.

بڵند ئیبراهیم