Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

مەسروور بارزانی: شەڕی داعش، شەڕێكی نێودەوڵەتییە و پێویستە هەموو لایەك رۆڵی خۆیانی تێدا بگێڕن

دیداری راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان و باڵیۆزی كەنەدا لە ئوردن و عێراق. ئەمڕۆ دووشەممە

هەولێر-KDP.info-  لە كۆبوونەوەیدا لەگەڵ باڵیۆزی كەنەدا لە ئوردن و عێراق، راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی)، جەختی لە گرینگیی دابینكردنی چەكی قورس و ئامێری پووچەڵكردنەوەی مین بۆ هێزی پێشمەرگە كردەوە. باسیشی لەوە كرد كە، ئەمە شەڕێكی نێودەوڵەتییە و پێویستە هەموو لایەك رۆڵی خۆیانی تێیدا بگێڕن.

راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان (مەسروور بارزانی)، ئەمڕۆ دووشەممە 20/10/2014، پێشوازیی لە باڵیۆزی كەنەدا لە ئوردن و عێراق (برونۆ ساكۆمانی) كرد.

لە دیدارێكدا گفتوگۆ لەسەر رەوشی مەیدانیی بەرەكانی شەڕ و پێشڕەوییەكان و پێداویستییە سەربازییەكانی پێشمەرگە كرا و، لەو بارەیەوە (مەسروور بارزانی) ئاماژەی بە قارەمانێتیی پێشمەرگە دا، كە تاكە هێزە لەسەر زەوی لە دژی داعش لە پێشڕەویدایە. جەختیشی لە گرینگی دابینكردنی چەكی قورس و ئامێری پووچەڵكردنەوەی مین بۆ هێزی پێشمەرگە كردەوە.

لە بەشێكی دیكەی دیدارەكەدا، (مەسروور بارزانی) ڕایگەیاند، "ئەمە شەڕێكی نێودەوڵەتییە و پێویستە هەموو لایەك رۆڵی خۆیانی تێدا بگێڕن".
راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، بە بێ چەكی قورس و پێشكەوتوو ناتوانرێ دوژمن تێك بشكێندرێ، چونكە داعش هێشتا لە سووریا و عێراق توانای هێرشبردنی ماوە و ئەمەیش شەڕێكی بەردەوامە.

پاشان باڵیۆزی كەنەدا لە ئوردن و عێراق، وێڕای سوپاسكردنی راوێژكاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی كوردستانی بۆ رەخساندنی ئەم دەرفەتە، دووپاتی كردەوە كە، وڵاتەكەی لە چواچێوەی هاوپەیمانەتیی نێودەوڵەتیدا، پابەندە بە هاوكاریی هەرێمی كوردستان لە شەڕی دژ بە تیرۆریستانی داعش و، ئاماژەی بەو یادداشتنامەی لێكتێگەییشتنە دا كە لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان مۆر كراوە.
(برونۆ ساكۆمانی) هەروەها روونی كردەوە، "وەك حكوومەتی كەنەدا بەشدارییەكی بەهێزمان دەبێت و لە ماوەی رابردوویشدا پەرلەمانی كەنەدا بڕیاری دا كە بە هێزی ئاسمانی بەشداری لە لەناوبردنی داعشدا بكات".
دابینكردنی هاوكارییە مرۆییەكان لە لایەن كەنەداوە بۆ هەرێمی كوردستان، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو.