Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیژنەی ناوخۆی پەرلەمان: كاتی موزایەدە نییە و پێویستە كورد یەكڕیز بن

هەولێر-KDP.info- جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان بڕوای وایە، كاتی ئەوە نییە دەستكەوتە نیشتمانییەكان بكرێنە دەستكەوتی لایەنێك، چونكە كاتی موزایەدە بەسەر چووە و پێویستە كورد یەكڕیز بن.

جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان (نازم هەركی)، بە kdp.info-ی راگەیاند، "ئێمە خۆشحاڵین بەوەی كە هەرێمی كوردستان چەكی بۆ كۆبانی ناردووە، بەڵام كاتی ئەوە بەسەر چووە لایەنێك دەستكەوتە نیشتمانی و نەتەوەییەكان بكاتە دەستكەوتی خۆی، چونكە وەختی موزایەدە نییە و كاتی یەكڕیزیی نێوماڵی كوردە.
جێگری سەرۆكی لیژنەی ناوخۆی پەرلەمانی كوردستان ڕوونیشی كردەوە، "ئێستا ناتوانین خەڵك چەواشە بكەین، چونكە ئەو قۆناخە تێپەڕیوە، بۆیە ناكرێت دەستكەوتە نیشتمانییەكان بكرێنە دەستكەوتی لایەنێكی دیاریكراو".

(نازم هەركی) زیاتر گوتی، "هەر لە سەرەتای ڕووداوەكانی كۆبانییەوە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێكی داوە بۆ ئەوەی هاوكاریی كۆبانی بكرێت، بە تایبەت لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیماندا كە خۆشبەختانە توانی رازییان بكات فڕۆكەكانیان داعش لەو ناوچەیە بۆردوومان بكەن، دوێنێیش چەكی بۆیان ناردووە، كە ئەمە دەستكەوتێكە بۆ هەموو خەڵكی هەرێمی كوردستان".
(هەركی) هەروەها ئەوەیشی خستە ڕوو كە، ئەمەریكا خۆیشی باسی لەوە كردووە كە ئەو هاوكاریانەی بۆ كۆبانی رەوانە كراون، هاوكاریی هەرێمی كوردستانن و باسی هیچ لایەنێكی نەكردووە، بۆیە ئەمە دەستكەوتی خەڵكی هەرێمی كوردستانە نەك بە تەنیا لایەنێك.
دەشڵێت، ئەو هاوكارییەی كە بۆ كۆبانی رەوانە كراوە، شەوی رابردوو بووە كە لە رێگەی فڕۆكەكانی ئەمەریكاوە نێردراوە و بڕەكەیشی 24تۆن چەك و تەقەمەنییە.
دوای ئەوەی بە یارمەتیی هێزەكانی ئەمەریكا تواندرا هاوكاریی چەك و تەقەمەنیی هەرێمی کوردستان، کە بە تایبەت کۆششی زۆری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بووە، بگەیێندرێتە كۆبانی، مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بەیاننامەی لەو بارەیەوە بڵاو كردووەتەوە و ئەم هاوکارییەی هەرێمی کوردستانی بە دەستکەوتی حیزبی ناو بردووە.

بڵند ئیبراهیم