Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆكایەتیی هەرێم: پێویست نەبوو یەكێتی لەم كاتەدا ئەم موزایەدەیە بكات.. ڕەوانەکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ كۆبانی بە ناوی گەلی كوردستانەوەیە

هەولێر-KDP.info-  سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان جەخت دەکاتەوە کە، ئەو چەک و پێداویستیانەی کە ئەمڕۆ دووشەممە بۆ کۆبانی نێردراون، لە هەولێرەوە و لە ڕێگەی ئەمەریکاوە گەیەنراونەتە کۆبانی، نەک لایەنێکی سیاسی، تا موزایەدەی سیاسی پێوە بکرێت.

دەقی ڕوونكردنەوەی سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان لەبارەی بەیاننامەكەی یەكێتیی نیشتیمانی سەبارەت بە گەیاندنی هاوكاریی هەرێمی كوردستان بۆ كۆبانی:

دوای ئەوەی بە یارمەتیی هێزەكانی ئەمەریكا تواندرا هاوكاریی چەك و تەقەمەنی بگەیێندرێتە كۆبانی، زۆر بە داخەوە مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بەیاننامەی لەو بارەیەوە بڵاو كردووەتەوە و زۆر لە ڕاستییەكانی گۆڕیوە. هێزی دژەتیرۆر دەستگایەكە سەر بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان و هەردوو هێزی دژەتیرۆری هەولێر و سلێمانی لەو چەكانەی پێشتر هەیانبووە وەك هاوكاری و بە ناوی هەرێمی كوردستان و بە فڕۆكە ئەمەریكاییەكان ڕەوانەی كۆبانییان كردووە.

جەخت لەوە دەكەینەوە ئەو هاوكارییانە بە ناوی گەلی كوردستان و هەرێمی كوردستان ڕەوانە كراوە و هیچ پێویست نەبوو یەكێتیی نیشتیمانی لەم كاتەدا ئەم موزایەدەیە بكات.

پێویستیشە ئەوە بزانرێت كە هەموو خەڵكی كوردستان بە پەرۆشن بۆ كۆبانی نەك تەنیا یەكێتی.

هەر لەمبارەیەوە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریكا ڕاگەیێندراوێكی بڵاو كردووەتەوە كە تێیدا بەڕوونی هاتووە ئەو هاوكارییانەی كە فڕۆكەكانی ئەمەریكا گەیاندوویانە كۆبانی هیی هەرێمی كوردستان بووە.

شایانی باسە ئەم چەك و تەقەمەنییەی كە ڕەوانە كراوە بریتی بوو لە 21 تۆن و هەمووی لە فڕۆكەخانەی هەولێر بار كراوە و بە 28 پەڕەشووت لەسەر كۆبانێ فڕێ دراوە.

سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان

20ـی 10ـی 2014