Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

گوێڕ.. پێشمەرگە پاشەكشەی بە داعش كرد

گوێڕ-تایبەت بە KDP.info-  سەرلەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، هێزەكانی پێشمەرگە لە میحوەری گوێڕ توانییان هێرشێكی تیرۆریستانی داعش تێك بشكێنن كاتێك ویستیان هێرش بكەنە سەر گوندە ئازادكراوەكانی ئەو سنوورە.

بەرپرسی ناوچەی گوێڕی پارتیی دیموكراتی كوردستان (غازی قادر عەبدوڵڵا) كە لە بەرەكانی شەڕدایە، بە kdp.info-ی ڕاگەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ سەعات پێنج، چەكدارانی تیرۆریستی داعش بۆردوومانی گوندەكانی زوممارە و زوممارەی سابیر و كەپران و ساقییەیان كرد و پاشانیش ویستیان بە چەند هەمەر و ئۆتۆمبێلێك پێشڕەوی بكەن، بەڵام هێزی پێشمەرگەی بارزان، گەرمیان و سلێمانی هەر زوو بە چەكی قورس وەڵامیان دانەوە و توانرا هێرشەكەیان تێك بشكێنرێت.
بەرپرسی ناوچەی گوێڕی پارتیی دیموكراتی كوردستان گوتیشی، "لەم هێرشەدا خۆشبەختانە زیانمان نەبوو، بەڵام توانیمان زەبرێكی كوشندە لە تیرۆریستانی داعش بدەین، هەرچەندە ئاماری كوژراو و برینداری ئەوان دیار نییە، بەڵام كوژراو و برینداریان هەیە و ئۆتۆمبێلێكی جۆری مەرزییەیشیان كە دۆشكەی لەسەر بوو، لە نێوان زوممارە و ساقییەدا بە تێكشكێنراوی جێ هێشتووە و پاشەكشەیان كردووە، ئیستایش هێزەكانی پێشمەرگە بۆردوومانی موڵگەكانیان دەكەن."

نەشوان بەرزنجی