Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كۆبوونەوەكانی هەردوو ئەنجوومەنی رۆژئاوای كوردستان پێشوەچوونی باشیان بە خۆیانەوە بینیوە

دهۆك-KDP.INFO- ئەندامێكی شاندی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كورد لە سووریا دەڵێت، هەردوو ئەنجوومەنی رۆژئاوای كوردستان لەسەر دوو خاڵی گرینگ لە رێككەوتن نزیك بوونەتەوە و بڕیارە ئەمڕۆیش لەسەر خاڵی سێیەم كە دروستكردنی هێزێكی هاوبەشە، گفتوگۆ بكەن.

ئەندامێكی شاندی ئەنجوومەنی نیشتمانیی كوردستان (نەشئەت زازا)، بە KDP.INFO-ی راگەیاند، ماوەی پێنج رۆژە گفتوگۆ لە نێوان هەردوو ئەنجوومەنی رۆژئاوای كوردستاندا لەبارەی سێ خاڵەوە بەردەوامە، ئەوانەیش دانانی مەرجەعێك، چۆنیەتیی بەڕێوەبردنی رۆژئاوا و هەروەها دروستكردنی هێزێكی هاوبەشن كە لەبارەی خاڵی یەكەم و دوومەوە 80% گەییشتوونەتە رێككەوتن و تەنیا هەردوو ئەنجوومەن هەندێك تێبینییان هەیە، دواتریش گفتوگۆیان لەبارەوە دەكرێت بۆ ئەوەی لەسەری بگەنە رێككەوتن.
(نەشئەت زازا) گوتیشی، بڕیارە ئەمڕۆ گفتوگۆ لەبارەی خاڵی سێیەمەوە بكرێت كە دروستكردنی هێزێكی هاوبەشە بۆ رۆژئاوای كوردستان كە ئەو هێزە چۆن دروست بكرێت، كە ئایا دوو هێز بن یاخود هێزێكی دیكە دابمەزرێت.
(زازا) زیاتر گوتی، چاوەڕوان دەكرێت ئەمڕۆ تا سبەی كۆتایی بە گفتوگۆكانیان بێت و گەشبینیی خۆیشی پیشان دا لەوەی لەبارەی هەر سێ خاڵەوە بگەنە رێككەوتن، چونكە بە گوتەی خۆی ئەگەر لەسەر یەكێك لە خاڵەكان نەگەنە رێككەوتن، ناتوانن رێككەوتن لەبارەی خاڵەكانی دیكەیشەوە بكەن و بەیەكەوە گرێ دراون.
بڵند ئیبراهیم