Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

قاسم شەشۆ: خۆپێشاندانەکەی شنگال پیلانگێڕیی حیزبێک بوو.. دەبێ بزانن، پێشتر لەگەڵ پارتی و بارزانی پێكەوەبووین و تا مردنیش پێكەوە دەبین

قاسم شەشۆ و پۆلێک لە هەڤاڵە جەنگاوەرەکانی لە چیای شنگال.

شنگال-KDP.info-  (قاسم شەشۆ) دەربارەی ئەوەی کە دوێنێ بە ناوی خۆپیشاندانەوە كرا، رایدەگەیەنێت "پیلانی حیزبێك بوو دژی پارتی و پێشمەرگە و، ئەمجارە دەنگمان نەكرد، بەڵام جارێكی دیكە قبووڵی ناكەین". (شەشۆ) گوتیشی، خەڵكی شنگال خۆیان پێشمەرگەن و پێشمەرگەی خۆش دەوێت، زیاتر گوتی "ئەو حیزبە پیلانگێڕە و هەموو ئەوانەی دیكەش دەبێ بزانن، كە شنگال هەمیشە لەگەڵ پارتی و (سەرۆك بارزانی) بووە و، هەمیشەش لەگەڵ پارتی و (بارزانی) دەمێنێتەوە، پێشتر پێكەوەبووین و تا مردنیش پێكەوە دەبین، هەر پارتی و (بارزانی)-یش دەتوانن شنگال رزگار بكەن و بپارێزن."

رۆژی 16ی ئەو مانگە، ژمارەیەك ژن و منداڵ و گەنج، خۆپیشاندانێكیان دژی هێزەكانی پێشمەرگە لە چیای شنگال ئەنجام دا و داوایان دەكرد پێشمەرگە لە چیای شنگال نەمێنێت، (تەمەر كۆچەر) کە یەكێك لە فەرماندەكانی هێزی پیشمەرگەیە لە چیای شنگال، رایگەیاند كە، "ئەوە كاری پارتیی كرێكارانی كوردستاPKK-یە و كادیر و كامێرامان و شەڕڤانەكانی PKK لەگەڵیاندا بوون .

فەرماندەی جەنگاوەرانی كوردی ئێزدی و هێزی پێشمەرگە لە چیای شنگالەوە(قاسم شەشۆ) رایگەیاند "خۆپیشاندان لە هەموو جیهان دەكرێن، بەڵام ئەوەی دوێنێ بێ ئەخلاقییەك بوو، كە بە هاندان و پیلانی حیزبێك بوو، دژی پارتیی دیموكراتی كوردستان و پێشمەرگە"، هەروەها گوتی "ئەوانەی بەناوی خۆپیشاندانەوە هاتبوون، ئۆتۆمبێلەكانیان شكاندن، هێرشیان كردە سەر نەخۆشخانە و هێرشیان كردە سەر پێشمەرگە، بەڵام پێشمەرگە زۆر بە تەحەممول بوون و هیچ وەڵامیان نەدانەوە، چونكە دەیانزانی پیلانێكە. ئەوانەی لەگەڵ خۆپیشاندەرەكان هاتبوون، چەكیان پێ بوو، خۆیان بۆ ئەوە ئامادە كردبوو كە پێشمەرگە وەڵام بداتەوە و بیكەنە شەڕ بە چەك. ئەوان دەیانویست ئێمە شەڕ بكەین، بەڵام پێشمەرگە ئەو پیلانەی بە تەحەممولەوە پووچەڵ كردەوە".

(قاسم شەشۆ) گوتیشی "خەڵكی شنگال پێشمەرگەی خۆش دەوێت و خۆیان پێشمەرگەن، ئەوان خەڵكیان پاراست و رێگەی رزگاربوونی خەڵكیان كردەوە و، حیزبی دیكەش لە راگەیاندندا تەنیا قسەی گەورە دەكەن و، دووبەرەكی دروست دەكەن بۆ بەرژەوەندیی حیزبی، لەو بارودۆخە خراپەی كە دەڤەری شنگال تێیكەوتووە".

(شەشۆ) لە لێدوانێی تەلەفۆنیدا لەوبارەوە بۆ رووداو زیاتر دەڵێ "نازانم چۆن حیزبێك خۆپیشاندان دژی حیزبێكی دیكە دەكات، ئەو چەند كەسەی هێنابوویانن بێ خاوەن بوون، دەیانویست دوای سەرگرتنی پیلانەكە خۆیان لێ بكەن بە خاوەن"، گوتیشی "ئێمە ئەمجارە هیچمان پێنەگوتن و لێیان خۆشبووین، بەڵام جارێكی دیكە هەر ئاژاوە و پیلانگێڕییەكی بەوشێوەیە بكەن، حیسابی داعشیان بۆ دەكەین و وەك داعش لەوانیش دەدەین ".

هەروەها گوتیشی "ئەو حیزبە پیلانگێڕە و هەموو ئەوانەی دیكەش دەبێ بزانن، كە شنگال هەمیشە لەگەڵ پارتی و (سەرۆك بارزانی) بووە و، هەمیشەش لەگەڵ پارتی و (بارزانی) دەمێنێتەوە، پێشتر پێكەوەبووین و تا مردنیش پێكەوە دەبین، هەر پارتی و (بارزانی)-یش دەتوانن شنگال رزگار بكەن و بپارێزن، بۆیە پێیان دەڵێین، جارێكی دیكە بیر لە كاری بێ ئەخلاقی لەو شێوەیە نەكەنەوە، لەكاتێكدا كە كوردی ئێزدی و هەموو خەڵكی كوردستان بریندارن".